گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چى لەسەر G4 دەزانيت، ئەو ڤايرۆسەى مەترسى ئەوەى هەيە ببێتە پەتايەكى تر؟

2020.07.02 - 14:26
چى لەسەر  G4  دەزانيت، ئەو ڤايرۆسەى مەترسى ئەوەى هەيە ببێتە پەتايەكى تر؟

ناس کورد- 

لەماوەى ڕابرودا زانايانى چين هۆشدارياندا لە دەركەوتنى ڤايرۆسێكى نوێ بە ناوى G4 كە لە نەوەى ڤايرۆسى ئەنفلۆنزاى بەراز "H1N1" و ئەگەرى هەيە ببێتە پەتايەكى نوێ، ئەوەش لەكاتێكدا پەتاى كۆرۆنا لە ئێستادا باڵى بەسەر جيهاندا كێشاوە.

 

زانايانى چينى باسيان لەوە كردوە، ڤايرۆسە نوێكە هەموو ئەو تايبەتمەنديانەى هەيە كە پێويستە بۆ ئەوەى بەشێوەيەكى گەورە لەگەڵ مرۆڤدا خۆى بگونجێنێت، گواستنەوە و گەشەسەندنى لە خانەكانى مرۆڤدا زۆر بەهێزە و لە گياندارەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.

 

جەختیشكراوەتەوە، بەڵام تائێستا هيچ بەڵگەيەك نييە لەسەر ئەوەى كە لە کەسێکەوە بگوازرێتەوە بۆ کەسێکى تر، ئەوەش جێى نيگەرانى شارەزايانە لە ئێستادا.

 

ئەوەش ئاشكرا كراوە، G4 بريتييە لە تێكەڵەيەك لە سێ نەوەى ئەنفلۆنزا ئەوانيش ئەنفلۆنزاى بەراز و ئەنفلۆنزاى باڵندە و هەروەها ئەنفلۆنزايەكى تر كە توشى مرۆڤ و باڵندە و بەرازيش دەبێت، شارەزايانيش هۆشدارى دەدەن لەوەى كە ڤايرۆسەكە مەترسيدارە چونكە لە جۆرى "A" يە كە مرۆڤ بەرگرى نييە لە دژى.

 

لاى خۆشيەوە دكتۆر "ميس عەبسى" مامۆستا و شارەزاى بوارى دەرمان بە ماڵپەڕى سكاى نيوزى وتوە، پێويستە لێكۆڵينەوەى زياتر لە ڤايرۆسە نوێكە بكرێت چونكە ئەنجامى لێكۆڵينەوەكە لە نمونەيەكى بچوكەوە وەرگيراوە، هەروەها پێويستە لە ئێستادا ئاگایى بخرێتە سەر ڤايرۆسى كۆرۆنا چونكە گەورەترين ئاڵنگارییە لەبەردەم مرۆڤايەتيدا.

 

هەندێك لە شارەزایانى بوارى پەتاكان پێيان وايە G4 لە كۆرۆنا مەترسيدارتر نييە، چونكە لە ڤايرۆسەكانى ترى ئەنفلۆنزا دەچێت و لەوانەيە لە داهاتودا ڤاكسينى هەبێت لە چوارچێوەى ڤاكسينەكانى دژە ئەنفلۆنزا.

 

هەروەها هەندێكى تر پێيان وايە، مەترسیەكەى G4 ئەوەيە كە ڤايرۆسێكى نوێيە بۆ سيستمى بەرگرى مرۆڤ و لەوانەيە قوربانى زۆرى بەدوادا بێت ئەگەر بڵاوببێتەوە.

 

دەسەڵاتدارانى چينيش جەختیان كردوەتەوە، بە وريایى و ورديەوە چاودێرى بارودۆخەكە دەكەن و ڕێوشوێنى پێويست دەگرنە بەر بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبونەوەى.