گه‌ڕان

Shadow Shadow

چاکسازی سیمایەکی گرنگی حوکمڕانیی باشە

2020.07.02 - 11:58

هۆشیار سیوەیلى

یاسای چاکسازی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. ھەنگاوێکی گرنگە لە لایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ باشترکردن و تۆکمەکردنی حوکمڕانی و دەوڵەتداری.

 


لە ھەموو سیستەمەکانی سیاسی و بەرێوەبردن دا چ لەسەر ئاستی کەرتی گشتی یان تایبەت ڕیفۆرم یان چاکسازی لەبەر دوو ھۆکار ئەنجامدەدرێت. ھۆکارێکیان بریتیە لەوەی گۆرانکاریی لە ژیان و ئاستی پەرەسەندن و گەشەسەندنی کۆمەڵگا دەگاتە ئاستێک کە پێویستی بە گۆرانکاری ھەیە لە دەزگا و فۆڕم و بەھاکان دا و ئەمەش پێویستی بە گۆرانکاریی ھەیە لە یاسا و رێسا و تەنانەت پێناسەکردنەوەی ھەندێک بەھا و چەمک و تێڕوانین.


ھۆکارێکی تر بۆ ئەنجامدانی چاکسازی بریتییە لە روودانی کەموکوڕی و لاوازیی ئیداری و حوکمڕانی لە ماوەی ڕابوردودا. ئەمانەش ھەندێکیان بەھۆی کەم ئەزموونی و بەشی زۆریشیان لە رێگەی ئەدای خراپی حوکمران و بەکارھێنانی پێگە و پایەی گشتی بۆ سوودی کەسی.


یاسای چاکسازی کە لە کۆتایی تەمەنی کابینەی پێشوو چوە پەرلەمان و ھەندێک بەرژەوەندی حیزبی و کەسی بوونە ھۆی دواکەوتنی یاساکە بۆ ئەم کابینەیە، بەھۆی ھەردوو ھۆکار یان زەمینەکەوە بوە پێویستییەکی حاشا ھەڵنەگر و جێبەجێکردنی پایەکانی حوکمڕانیمان بەھێزتر دەکات.


تێڕوانینی نێگەتیڤانەی دوور لە ھەڵسەنگاندنی واقیعی و زانستی بۆ ئەدای رابوردوو تووشی ھەڵەمان دەکات و تەنانەت ھەندێک کەس وا لێدەکەن ھەوڵەکانی چڕ بکاتەوە بۆ سرینەوەی ئەوەی ئێستا ھەمانە. ھیچ گومانی تێدا نییە ھەڵەمان کردوە و دەکرا و دەبوایە باشتر خۆمان بەرێوەبەرین، بەڵام بە سفرکردنی ئەوەی کراوە نامانخاتە سەر رێرەو و ئاراستەی راست بەرەو داھاتوویەکی گەشتر. ئەڵتێرناتیڤ ڕمان و کاولکردنی ئەو ماڵە نییە کە بە خوێن و ئارەقە بینامانکردوە لەبەر ئەوەی کون و کەلەبەری تێدایە، بەڵکو چارەسەر بریتییە لە نەھێشتنی کون و کەلەبەرەکان و ئاوەدانترکردنی ماڵەکە.


لە دەستدانی ھیوا بە ئایندە سەرەتای لە دەستدانی خودی ژیانە. گەر ھیوا بە ژیانێکی باشتر نەبوایە ، ئەم نەتەوەیە نەیدەتوانی بەرگەی کیمیاباران و ئەنفالکردن بگرێت و بگەینە ئەم رۆژە.


ئەم یاسایە بۆ چاکسازی تەنیا سەرەتایە و لە زۆر بواری تردا پێویستە ھەمان ھەنگاو بنێین. کوردستانێکی بەھێز و پێشکەوتوو کراوە کە تیایدا ھاوڵاتی سەروەر بێت پێویستی بە ھێزێکی کوردستانی و پرۆفێشنەڵی سەربازی ھەیە کە ئینتیمای بۆ گەل و خاکی کوردستان یەکەم و دوا ئینتیما بێت. پێویستمان بە یاسایەک ھەیە کە میدیای کوردستانی لەم دۆخەی ئێستا رزگار بکات و بیکاتە میدیایەکی دەوڵەتی نەک حیزبی و ناوچەیی..