گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرچاوەیەک: كازمى لەگەڵ حەشدى شەعبى و دژە تيرۆر کۆبۆوە و كۆتايى بەكێشەكان هێنا

2020.07.01 - 22:58
سەرچاوەیەک: كازمى لەگەڵ حەشدى شەعبى و دژە تيرۆر کۆبۆوە و كۆتايى بەكێشەكان هێنا

ناس کورد- 

مستەفا كازمى سەرۆكى هێزە چەكدارەكانى عێراق لەگەڵ سەركردەكانى حەشدى شەعبى و دەزگاى دژە تيرۆر بۆ كۆتايى هێنان بە ناكۆكيەكان كۆبوەوە.

 

لەماوەى ڕابردودا هێزێكى دژە تيرۆر ئۆپراسیۆنێکیان بۆ سەر بارەگايەكى ميليشياى "كەتيبەكانى حزبوڵڵا" كە بەشێكن لە حەشدى شەعبى لە شارى بەغدا  ئەنجامداو 14 ئەندامى ئەو ميليشيايانەيان دەستگير كرد، دواى ئەوەش كێشە كەوتە نێوان ئەو دەزگايە و حەشدى شەعبى.

 

سەرچاوەيەكى ئاگادار بە بەشێک لە میدیاکانى عێراقى وتوە، ئەمڕۆ  (چوارشەممە) مستەفا كازمى سەرۆكى هێزە چەكدارەكانى عێراق لەگەڵ حەشدى شەعبى و دەزگاى دژە تيرۆر كۆبوەتەوە، ئەوەش لەپێناو كۆتايى هێنان بەو كێشانەى دروست بوون.

 

ڕونيشيكردوەتەوە، كازمى لە كۆبونەوەكەدا جەختى لەوە كردوەتەوە كە ئەو دوو دەزگايە گرنگن بۆ لەناوبردنى تيرۆر و ڕۆڵى سەرەكيشيان هەبووە لە ئازادكردنى عێراق لە ڕێكخراوى داعش.

 

سەرچاوەكە باسى لەوەشكردوە، هەروەها سەرۆكوەزيرانى عێراق جەختى لەوە كردوەتەوە كە نابێت جيابونەوە و ناكۆكى بكەوێتە ناو دەزگاكانى سوپا، پۆليس، حەشدى شەعبى و دەزگاى دژە تيرۆر.

 

دەستگيركردنى ئەندامەكانى كەتيبەكانى حزبوڵڵا بەتۆمەتى تێوەگلان بوو لە هێرشە موشەكيەكانى ناوچەى سەوز و بنكە سەربازيەكان و پلاندانان بۆ ئەنجامدانى هێرشى تر، هەروەها دەستيش بەسەر دوو سەكۆى هەڵدانى موشەكدا گيرابوو.

 

دواتر دەستگيركراوەكان ڕادەستى ئاسايشى حەشدى شەعبى كران و دادوەرى حەشديش زۆرينەيانى ئازاد كرد و دواى ئازادكرنيشيان لەسەر شەقامەكان وێنەى مستەفا كازميان سوتاند.