گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئێران بێ گوێدانە سزاكانى ئەمريكا هەناردەى غازى بۆ توركيا دەستپێکردەوە 

2020.07.01 - 20:57
ئێران بێ گوێدانە سزاكانى ئەمريكا هەناردەى غازى بۆ توركيا دەستپێکردەوە 

ناس کورد-

ماڵپەرى "شانا"ى هەواڵى سەر بە وەزارەتى نەوتى ئێران بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ  (چوارشەممە) ئێران هەناردەكردنى غازى بۆ توركيا دەستپێكردوەتەوە"، ئەوەش وەک پێشێلكردنى سزاكانى ئەمريكا بۆ سەر ئەو وڵاتە خوێندنەوەى بۆ دەکرێت.

 

دەستپێكردنەوەى هەناردەى غازى ئێرانى بۆ توركيا لەكاتێكدايە كە زۆرينەى سزاكانى ئەمريكا بۆ سەر تاران لەسەر كەرتى نەوت و غازە، لە ڕۆژى 13\3\2020 بەهۆى تەقينەوەى بەشێك لە بۆرى غاز لە ناو توركيا هەناردەى غازى ئێرانى ڕاگيرابوو، هەردوو وڵات گرێبەستێكيان لە نێواندايە كە پێنج ساڵى تر كۆتايى دێت.

 

ئێڕان دابينكەرى سەرەكى نەوت و غازى توركيايە، ساڵانە تواناى دابينكردنى 10 مليار مەتر چوارگۆشە غازى هەيە بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام ئەو بڕەى دەگاتە توركيا لەنێوان 7 بۆ 9 مليارە، سەرەڕاى ئەوەش توركيا بڕێكى زۆر غازى "مسال" لە ئەمريكا و قەتەر و جەزائيرەوە هاوردە دەكات.

 

ڕێگاى پێچاوپێچ

هەر لەو بارەيەوە ئاژانسى ميهرى ئێرانى ئاشكرايكردوە، توركيا يەكێكە لە رێگەكانى گەيشتنى غازى ئێرانى بە ئەوروپا، بەڵام كێشەكانى نێوانيان لەسەر ئەو داشكاندنەى ئەنقەرە داواى دەكات و ترانزێت بوەتە هۆى ئەوەى كە هەميشە گفتوگۆكانى نێوانيان سەخت بێت.

 

لەساڵى 2019 لەكاتى سەردانەكەيدا بۆ تاران "ڕەجەب تەيب ئەردۆغان" باسى هەرزانى نرخى ئەو غازەى كردبوو كە لە ڕوسيا و ئازەربايجانەوە دەيهێنن و داواى كردبوو كە تاران گۆڕانكارى لە نرخدا بكات هەروەها پێشنيارى ئەوەشيان كردبوو كە بڕى هەناردە بە 20% زياد بکەن، بەڵام تاران ڕەتيكردبوەوە كە نرخ هەرزان بكات هەروەها هەواڵى ئەوەش هەيە كە توركيا هاوردەى غازى ڕوسيا و ئازەربايجانى زياد كردوە، ئەوەش ترسى لاى ئێرانيەكان دروست كردوە.

 

ئێران يەك هەنگاوى مابوو بۆ كۆنترۆڵكردنى بازاڕى غاز لە توركيا كە چەندين ساڵە لەبەردەستيدايە، بەڵام ئێستا توركيا هەوڵى گۆڕينى غازى ئێرانى دەدات، ئەوەش لێدانێكە لە تاران لەكاتێكيشدا كە سزاكانى ئەمريكاى لەسەرە بەتايبەتى لەسەر كەرتى نەوت و غاز، تەقينەوەكەى ئەم دواييەش كێشەكانى ئەو وڵاتەى ئەوەندەى تر قوڵتر كردوەتەوە.

 

كاريگەرى كۆرۆنا

سەرەڕاى هەموو ئەمانەش ناوچەكانى سنورى هاوبەشى نێوان ئێران و توركيا چالاكى گەريلا کوردییەکان بەخۆيەوە دەبينێت كە لە هەردوو وڵات ئۆپۆزسيۆنن كە ئەوانيش "حزبى ديموكراتى كوردستان" و "پارتى كرێكارانى كوردستان"ن.

 

لاى خۆيەوە ماڵپەرى زانيارى وەزارەتى نەوتى ئێرانى لە مانگى شەشى ئەمساڵدا لە زارى "حەسەن مونتەزير تربتى" سەرۆكى كۆمپانياى غازى نيشتمانى ئێرانى بڵاويكردبوەوە، هەناردەى نەوتى وڵاتەكەى ساڵانە بەڕێژەى 3.6 مليار مەتر چوارگۆشە واتە 26% زيادى كردوە.

 

هەروەها حەسەن ڕۆحانى سەرۆككۆمارى ئێرانيش ئاماژەى بەوەداوە، وڵاتەكەى بە قورسترين ساڵدا تێدەپەڕێت بەهۆى سزاكانى ئەمريكا و هەروەها پەتاى كۆرۆناوە.

 

لەساڵى 2018 دۆناڵد ترەمپ سەرۆكى ئەمريكا لە ڕێكکەوتنى ئەتۆمى لەگەڵ ئێران كشايەوە و سزاى زياترى بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند، هەروەها ڤايرۆسى كۆرۆناش كێشە ئابوریيەكانى ئەو وڵاتەى ئەوەندەى تر قوڵتر كردەوە.