گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

 کازمی: کێشە کەڵەکەبووەکان حکومەتی لاوازکردووە لە بەرەنگاربونەوەی قەیرانی کۆرۆنا 

2020.07.01 - 18:48
 کازمی: کێشە کەڵەکەبووەکان حکومەتی لاوازکردووە لە بەرەنگاربونەوەی قەیرانی کۆرۆنا 

ناس کورد-

سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، خراپی ئیدارەدان، نەبوونی پلان و قەیرانی ئابوری ئاستەنگی زۆریان لە بەردەم هەوڵەکانی حکومەتدا دروستکردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا.

 

ئەمڕۆ (چوارشەممە، 1ی تەموزی 2020)، نوسینگەی ڕاگەیاندنی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووه، "سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی تەندروستیی و ژینگەی پەرلەمانی عێراق کۆبووەتەوە".

 

ئاماژە بەوەکراوە سەرۆکوەزیران لە کۆبونەوەکەدا جەختی لە گرنگی هەماهەنگی نێوان حکومەت و پەرلەمان کردوەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی کۆرۆنا و وتویەتی :"خراپی ئیدارەدانی سیستمی تەندروستی وڵات لەماوەی ڕابردوودا و نەبوونی پلانی تۆکمە و کەڵەکەبوونی کێشەکانی تایبەت بەو کەرتە لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری کردوەتە سەر ژیانی هاووڵاتیان، ڕەنگدانەوەی ئەو کێشە کەڵەکەبووانەش لە ئێستادا بەڕوونی دەرکەوتوە لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتاکەدا".

 

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک ڕێوشوێن بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە تاوتوێ کراون کە لەلایەن لیژنەی تەندروستیی و ژینگەی پەرلەمانی عێراق خراوەتە ڕوو.

 

 نووسینگەی ڕاگەیاندنی مستەفا کازمی ئەوەشی خستوەتەڕوو سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە، "حکومەت پاڵپشتی لیژنەی باڵای تەندروستیی ودڵنیایی نیشتمانی دەکات لە هێنانی ئەو پزیشکانەی کە خاوەن شارەزایی و توانای بێ هاوتان بۆ ئەندامێتی لیژنەکە ئەوەش بەمەبەستی چڕکردنەوەی هەوڵەکانی بۆ بەرگرتن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا".

 

ئاماژە بەوەشکراوە سەرۆکوەزیران بە لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمانی عێراقی وتووە "حکومەت ڕۆژانە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ هەوڵە نیشتیمانییەکان دەکات کە  لەپێناو لابردنی لەمپەڕەکان لەبەردەم هەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتاکە".

 

ئەمە لەکاتێدایە کە لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقدا سەبارەت بە ڕێوشوێنەکانى بەرگرتن لە ڤایرۆسى کۆرۆنا، حکومەتى عێراق بڕیاریدا، قەدەغەى هاتوچۆ لە کاتژمێر(7)ى ئێوارەوە بۆ(6)ى بەیانى جێبەجێ بکرێت و بودجەى پێویستیش بۆ وەزارەتى تەندروستى خەرج بکرێت.

 

هەروەها حکومەت بڕیاریشیدا، ڕێگە بدرێت بە هاتنە ناوەوەى ئۆکسجین لە خاڵە سنورییەکانەوە ڕێگەش بە ژمارەیەک لە تاقیگە ئەهلییە باوەڕپێکراوەکان بدرێت پشکنینى کۆرۆنا ئەنجام بدەن.

 

 حکومەتی عێراق، وەزارەتى ناوخۆ و کارمەندانى پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانیشى ڕاسپاردووە، ڕێنماییەکانى قەدەغەى هاتوچۆ جێبەجێ بکەن و لە ئەرکەکانیان کەمتەرخەمى نەکەن.