گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئینستاگرام هەژماری خامنەیی و چەند سەركردەیەكی پاسداران بلۆك دەكات

2019.04.17 - 13:02
App store icon Play store icon Play store icon
ئینستاگرام هەژماری خامنەیی و چەند سەركردەیەكی پاسداران بلۆك دەكات

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد-
تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام هەژماری تایبەتی عەلی خامنەئی رابەری گشتی ئێران و ژمارەیەك لە دەركەوتووترین سەركردەكانی سوپای پاسدارانی ئێران لەنێویاندا هەژماری قاسم سولەیمانی و عەلی جەعفەری بلۆك كرد و هەژماری تایبەتی "سپاە نیوز"ی دەزگای بڵاوكردنەوە و زمانحاڵی سوپای پاسدارانی رەشكردەوە.

.

ئەم كارەی ئینستاگرام لەدوای ئەوەوە هات كە ئەمریكا سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە و لەو بارەیەوە رایگەیاند "داخستنی هەژماری سەركردەكانی سوپای پاسداران و بلۆككردنی هەژماری سەركردە سەربازییەكانی ئێران، گوێڕایەڵییە لە بڕیارەكەی سەرۆك ترەمپ بە پۆڵێنكردنی سوپای پاسداران لە لیستی گروپە تیرۆریستییەكان.

.

لەبارەی بلۆككردنی ئەو هەژمارانە، وتەبێژی تۆڕەكە روونیكردەوە، یاساكانی كاركردنی ئینستاگرام هەموو چالاكییەكی بانگەشەكردن بۆ توندوتیژی و دووبەرەكی و رق و كینە و بابەتی سێكسی قەدەغە دەكات و كاركردنیان بەپێی یاساكانی سزادانی ئەمریكییە.

.

هاوكات بەرپرسانی وڵاتی ئێران، لە سەرەتادا لەو بڕوایەدا بوون بلۆككردنی هەژماری قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس شتێكی كاتییە چونكە چەند جارێكی تر ئەوە روویداوە، بەڵام ونبوون و نەمانی هەژماری محەمەد باقری سەرۆكی ئەركان و محەمەد عەلی جەعفەری فەرماندەی سوپای پاسداران، ئەو ڕاستییەی بۆ دەرخستن كە هێرشێكی نوێ‌ ڕووی تێكردوون و كاریگەرییەكانی بڕیاری خستنە لیستی تیرۆرەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، دەستی پێكردووە.

.

پاش چەند كاتژمێرێك لە بلۆككردنی هەژماری سەركردەكانی سوپای پاسداران، تۆڕی ئینیستاگرام هەڵمەتی ڕاگرتنی هەژماری "عەلی خامەنەیی" ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی دەستپێكرد كە بە زمانی ئینگلیزییە، و 13 هەزار و 500 فۆڵۆی هەیە، لەبەرامبەردا هەژمارە فارسییەكەی 2 ملیۆن و 300 هەزار فۆڵۆ و هەژمارە عەرەبییەكەی 20 هەزار و 800 فۆڵۆی هەیە.

.
سەركردەكانی سوپای پاسداران هەمیشە هەژماری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیان بەكارهێناوە بۆ بڵاوكردنەوەی هەڵوێستەكانیان و گوتارەكانیان بۆ جیهانی دەرەوە، كە زیاترینیان ئەو هەڵوێستانەن كە زمانی هەڕەشە ئامێزە لە لایەنە دەرەكیەكان، و لە سەرو هەموویانەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.

.

لە درێژەی لیستی بلۆككردنی هەژمارەكانیان لە تۆڕی ئەنیستگرام، هەژماری "حسین سلامی"یە كە جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانە، و "محەمەد باكبور" فەرماندەی هێزەكانی وشكانی، و "موسا كەمالی" یاریدەدەری كاروباری سەرچاوە مرۆییەكان لە فەرماندەی ئەركانی هێزە چەكدارەكان، و "ئەمیر عەلی حاجی زادە" فەرماندەی یەكەی موشەكی، و "رەحیم سەفەوی" ڕاوێژكاری ڕابەری ئێران بۆ كاروباری سەربازی و فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، و "محەمەد باقر قالیباف" پارێزگاری پێشوی تاران ، و "عیزەتوڵا زەرغامی" سەرۆكی پێشوی دەستەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران، و هەژماری فەیلەقی "فاتمیون" كە گروپێكی سەربازی ئەفغانین و سوپای پاسداران ڕاهێنانیان پێدەكات.

.

ئەمریكا هەڕەشە لەوكەس و لایانانەی كە بەڕەچەڵەك ئەمریكین دەكات بەوەی بیر لەوە نەكەنەوە مامەڵە لەگەڵ سوپای پاسداراندا بكەن، لەبەر ئەوەی لە لیستی تیرۆری نێودەوڵەتیدایە، و بە پێچەوانەوە سزای 20 ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت.

.

بلۆككردنی هەژماری قاسم سولەیمانی لە تۆڕی ئینستاگرامدا چوارەمین جارە ڕووبدات كە ژمارەی فۆڵۆكانی گەیشتۆتە 734 هەزار، لەبارەی هەژمارەكەی سولەیمانییەوە، ئینستاگرام نووسیویەتی "هەژمارەكەی ڕەنگدانەوەی گشت چالاكییەكانێتی، و بە بناغەی ئەجێندای میدیایی سوپای پاسداران دادەنرێت، بەتایبەت دوای بڵاوبوونەوەی فراوانی سوپای ئێران لە وڵاتی سوریا".

.

لە ڕوونكردنەوەكانی تۆڕی ئینستاگرامدا باس لەوە كراوە كە سوپای پاسداران تۆڕێكی فراوانی میدیایی هەیە لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە گشتی بۆ بەرگریكردن لە سیاسەتە هەرێمایەتییەكانی، و بەشێكی زۆری ئەو هەژمارانە بەناوی خوازراوەوەیە، و پاسداران خاوەنی سوپایەكی ئەلیكترۆنی گەورە و فراوانە، و كاری پارەداركردنی بەشێكی زۆری ئەو هەژمارانە بە چەند شێوەیەك دەكرێت یان بەناوی سەنتەرەكانی لێكۆڵینەوە یاخود بە ناو و هێمای ئێرانی خوازراوەوە.

.
ئێرانییەكان خاوەنی زیاتر لە 50 ملیۆن هەژمارن لە تۆڕی ئینستاگرام، هەروەها ئێرانییەكان لە تۆڕی "تویتەر" زۆر چالاكن لەگەڵ ئەوەی لەو وڵاتە قەدەغە كراوە.

.
لە كاردانەوەكانی لێپرسراوە ئێرانییەكان دوای ڕاگرتنی هەژمارەكانیان، ئاژانسی"فارس"ی ئێرانی لە زاری "موسا كەمالی" یاریدەدەری كاروباری سەرچاوە مرۆییەكان بڵاویكردەوە "ئەو هەژمارانەی سەركردەكانی سوپای پاسداران هیچ پەیوەندییەكی بە توندوتیژییەوە نییە، ئێمە پاسەوانین و ئەمەش جۆری جەنگەكەیە".

.