گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەى یەکێتى و گۆڕان

بزوتنەوەى گۆڕان: داهاتێکی زۆر هەیە بەڵام نایەتە خەزێنەی حکومەت

2020.07.01 - 17:21
بزوتنەوەى گۆڕان: داهاتێکی زۆر هەیە بەڵام نایەتە خەزێنەی حکومەت

ناس کورد-

لەمیانەى ئەنجامدانى کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا، ئەندامێکى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان رایگەیاند "داهاتێکى زۆر هەیە بەڵام نایەتە خەزێنەى حکومەت و پێویستە ئەمە چارەسەر بکرێت".

 

لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا کە لەدواى کۆبوونەوەى یەکێتى و گۆڕان لە گردى زەرگەتە مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ هەریەک لە سۆران جەمال تاهیر ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتى و د.دەرباز محەمەد ئەندامى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان ئەنجامدرا و پەیامنێرى ناس کورد ئامادەى بوو، ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکە خرایە ڕوو.

 

د.دەرباز محەمەد لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەى بەوە کرد ، کە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی سیاسی و بژێوی و گوزەرانی هاوڵاتیان کراوە.

 

وتیشى "تاوتوێی دۆخی ناوخۆی هەرێم و عێراق کرا، لەگەڵ پرسی دامەزراوەکانی وەک پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم".

 

بەوتەى ئەندامەکەى خانەى راپەڕاندن لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لەسەر ئەنجامدانی چاکسازی بۆ چاککردنی ئەم دۆخە بە خێرایی، کردۆتەوە و  وەک گۆڕانیش تەنها ئەنجامدانى چاکسازى بە چارەسەرى ئەم دۆخە زانراوە.

 

بەوتەى د.دەرباز محەمەد لە کۆبوونەوەکەدا لیژنەیەک لەنێوان ئەو دوو پارتە پێکهێنراوە لەبارەى رێککەوتنى گۆڕان و یەکێتى لەبارەى حکومەتى خۆجێى سلێمانى.

 

هاوکات لە بەشێکى ترى کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا سۆران جەمال تاهیر، ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتى جەختى لەسەر ئەوە کردەوە کە دۆخى هەرێم و عێراق پێویستى بەو زنجیرە کۆبوونەوە و دیدارانە هەیە.

 

جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێت چاکسازى لە داهات و رێککەوتنە نەوتییەکان بکرێت و دۆسیەکانیان بهێنرێتە پەرلەمان و شەفاف بکرێت.