گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وڵاتانی تر بێبەش دەکات

ئەمریکا دەرمانێکی کاریگەری بۆ چارەسەری کۆرۆنا لە بازاڕەکاندا نەهێشتووە

2020.07.01 - 14:48
ئەمریکا دەرمانێکی کاریگەری بۆ چارەسەری کۆرۆنا لە بازاڕەکاندا نەهێشتووە

ناس کورد-

ئەمریکا زۆربەى زۆرى دەرمانێکى کۆگاکراوى لەسەر ئاستى جیهان کڕیوە کە کارایی سەلمێندراوە بۆ چارەسەرى توشبووانى کۆرۆنا، بەوەش وڵاتانى لەدەستکەوتنى زووى ئەو دەرمانە بێبەش دەبن.

 

ئەو دەرمانە ناوى "ريمديسيفير"ـە کە لەلایەن کۆمپانیاى "جلعاد"ى ئەمریکییەوە بۆ دەرمان بەرهەمدەهێنرێت و لەبنەڕەتدا بۆ چارەسەرى نەخۆشانى ئیبۆلا بەکارهێنراوە و کۆمپانیاکە پەرەى پێداوە، تاقیکردنەوەکان لەسەرى سەلماندویانە کە پڕۆسەى چاکبوونەوەى توشبووانى کۆرۆنا خێرادەکات.

 

وەزارەتى تەندروستى ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئیدارەى دۆناڵد ترەمپ گرێبەستێکى سەرسوڕهێنەرى کردووە لەگەڵ کۆمپانیاکە بۆ کڕینى 500.000 پێکوتەى ئەو دەرمانە کە دەکاتە رێژەى 100٪ بەرهەمى کۆمپانیاکە بۆ مانگى تەموز، 90٪ى بەرهەمى مانگى ئاب، 90٪ى بەرهەمى مانگى ئەیلول.

 

بەبڕواى چاودێران، ئەو گرێبەستەى ئەمریکا کاریگەرى خراپ لەسەر وڵاتانى دیکەى وەک بەریتانیا و کیشوەرى ئەوروپا دروست دەکات و بێبەشیان دەکات لە دەستکەوتنى ئەو دەرمانە لانى کەم تا سەرەتاى پایز، ئەوەش بەپێی پێگەى بی بی سی.

 

لەچەند رۆژى ڕابردوودا ئاژانسى ئەوروپا بۆ دەرمان رەزامەندى مەرجدارى نیشاندا لەسەر بەکارهێنانى دەرمانى ريمديسيفير، بەوەش بووە یەکەم دەرمان کە نزیکبووەتەوە لەپێدانى گڵۆپى سەوز کە بەکربهێنرێت بۆ چارەسەرى توشبووانى کۆرۆنا لە کیشوەرى ئەوروپا.  

  

بەپێی راسپاردەکانى ئاژانسەکە، نابێت ئەو دەرمانە بۆ ئەو کەسانە بەکاربهێنرێت کە لەخوار تەمەنى 12 ساڵیدان، یان ئەوانەى بەدەست هەوکردنى سییەکانەوە دەناڵێنن، یان پێویستیان بە ئۆکسجینە.  

  

دەرمانەکە رەزامەندى پێدراوە بۆ بەکارهێنانى بۆ ئەو نەخۆشانەى تەندروستیان خراپە لە ئەمریکا و هندستان و کۆیاى باشور و ئیسرائیل، میسر، هەروەها ژاپۆن رەزامەندى تەواوى پێداوە.