ناس کورد-
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند، تەنها ئەمڕۆ 12 توشبووی کۆرۆنا گیانیانلەدەستداوە، دەشڵێت، بچوکترین قوربانیان خانمێکی تەمەن 41 ساڵ بوو.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەندراوێکدا عەبدوڵا ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند: " ئەمرۆ هەینی 12 توشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و بچوکترین قوربانیش خانمێکی 41 ساڵ بوو".
ئاماژەی بەوەشکردووە: "رۆژانە ئامارەکانی مردن بە کۆرۆنا بەرزتر دەبنەوە، تکاتان لێ دەکەین هاوڵاتیانی ئازیز ئاگاتان لە ئازیزانتان بێت و خۆپارێزی ئێوە پاراستنی گیانی ئەوانە".
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی بۆ کاروباری کارگێڕی ڕونیشیکردووەتەوە: "هاوڵاتیانی ئازیزی ئێمە دڵسۆزانە و خەمخۆرانە رۆژانە پرۆسەی ناشتنی تەرمی قوربانیانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەڕێوە دەبەین و پێویست بەوە ناکات ئێوە خەمی چۆنیەتی ناشتنی ئازیزانتان هەبێت چونکە ئەوان کەسو ئازیزی ئێمەشن".
بەوەش کۆی گشتیی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە سلێمانی گەیشتە 138 کەس و لە هەرێمی کوردستانیش 161 کەس