ناس کورد-
لە نزیکی کاژمێر 5:40 خولەکی ئێوارەی ئەمرۆ لە لەلایەن دوو فرۆکەوە کە بە وتەی شایەتحالەکان و قایمقامی قەزای چوارتا یەکێکیان فرۆکەی بێ فرۆکەوان بوە بۆردومانی سەیرانگای کونەماسی کرا و چەندین قوربانی لێکەوتەوە.
لە رووداوەکەدا کەسێک شەھید بووە کە تا ئێستا ناسنامەی دیار نیە بەپی زانیاریەکانی دەست ناس کورد کەوتوە: "یەکێکە لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان، سێ ئەندامی دیکەشیان برینداربوون، جگە لەو بریندارانە شەش ھاولاتی سیڤیل کە خەلکی ناوچەکەن بریندران بوون کە دوو مندال و دوو ئافرەت دوو پیاو ھەن کە پێنج کەسیان ئەندامی یەک خێزانن".
بەپێ زانیاریەکان فرۆکەکان لە بەیانی زووەوە لە ناوچەی گەلالە و گوندی قامیش و شاخی ئاسۆس سوراونەتەوە، لە ئێوارەدا و ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا هایلۆکس کە دەوترێت هی پەکەکە بووە و چوار کەسی تێدا بووە، لە نزیک دوکانێک لە کونەماسی وەستاوە.
بەوتەی شایەتحاڵەکان، دوو کەس لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزیون بۆ شت کڕین و لەکاتی چوونیان بۆ دوکانەکە کە خاوەنەکەی کەمتر لە مانگێکە کردویەتییەوە، ڕاستەوخۆ لەلایەن فڕۆکەکانەوە دوکانەکە بۆردومانکراوە و یەکێک لە ئەندامانی پەکەکە شەهید بووە، یەکێکیشیان بە بریندارەکان بە شاخەکەدا سەرکەوتووە و هەڵاتووە.
لە ئێستادا ھاولاتیان لە بارودۆخێکی دەرونی زۆر خراپ دان و بەشێک لە ھاولاتیانی کونەماسی ناوچەیان چۆل کردوە لەترسی دووبارە بونەوەی روداوەکە، هەروەها بەشێک لە پوش و پاوانی ناوچەکەئاگری تێبەربووە.