گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’سەرۆک بە ئۆنلاین کارەکانی دەکات’’

کۆرۆنا ئەوەندەى تر مەسرور بارزانی لە ژوورە تایبەتەکەیدا قەتیس کردووە (تایبەت)

2020.06.24 - 15:43
کۆرۆنا ئەوەندەى تر مەسرور بارزانی لە ژوورە تایبەتەکەیدا قەتیس کردووە (تایبەت)

ناس کورد-

سەردانە مەیدانیەكانی سەرۆكی وڵاتانی دنیا لەكاتی بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنادا بۆ بەسەركردنەوەی خەڵك و دەزگا تایبەتیەكانی حكومەت بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ شوێنكەوتە تەندروستی و كۆمەڵایەتی و ئابورییەكانی پەتاكە و دواتریش دەركردنی بڕیاری كردارەكی، كاریگەری لەسەر گەڕانەوەی متمانە و جۆرێك لەدڵنیایی هەبووە، بەڵام ئامادەنەبوونی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەناو خەڵكدا لەکاتی کۆرۆنادا یارمەتی گەڕانەوەی ئەو متانەیەی نەداوە كە ئیستا خەڵك بە حكومەت و دەزگاكانی نەماوە.

 

لەگەڵ بڵاوبوونەوەى پەتای كۆرۆنا لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، حکومەتەکان دەستیان کرد بە دانانی پلان و ڕێوشوێنی تەندروستی و كارگێڕی و تەنانەت پلانی سترایژی سیاسی گرنگ لەلایەن حكومەتە پێشكەوتووەكانی جیهان و چەندین وڵاتانی ناوچەكە.

 

سەرباری تەرخانكردنی بودجەی تایبەت، دروستكردنی تیمی نیشتیمانی، گەشەپێدانی دەزگا تەندروستی و  نیشتیمانیەكان لە هەرە ستراتیژە پڕبایەخەكان بوو.

 

بەپێی بەدواداچونێكی ناس كورد كە بۆ چڕبوونەوەی چالاكی سەرۆكی وڵاتان ئەنجامیداوە، سیمایەكی تایبەتی ستراتیژی سەرۆكی ژمارەیەك لە وڵات بە پێچەوانەی هەرێمەوە بۆ دەركەوتووە، ئەویش سەرۆكی وڵاتان و سەرۆكی حكومەتی ژمارەیەكی زۆر لەوڵاتان بەتایبەت ئەوانەی كە پەتاكە بە بەرفراوانی تیێدا بڵاوبووەتەوە، لەوانە ئەمریكا، ئیتاڵیا، ئێران، ئێستای عێراق.. هتد لە گەڕان و بەسەركردنەوەیەكی مەیدانیدان بۆ دەزگا تایبەتەمەندییەكانی وڵاتەكەیان و بەدواداچوونی نزیك لە كەموكورتی و هەمیش دانانی پلانی خێرا بۆ چارەسەر كردنی شوێنكەوتەی قەیرانەكە.

 

دۆناڵد تڕەمپ وەكو یەكێك لەو سەرۆكانەی جیهان لەسەرەتای بڵاوبونەوەی پەتاكەوە سەرباری تەرخانكردنی بودجەیەكی زەبەلاحی 200 ملیار دۆلاری بۆ ڕوبەڕووبونەوەی، سەردانی چەند شار و ناوچەیەکی وڵاتەكەی كردووە، دەزگاكانی حكومەتەكەی لە نزیكەوە بەسەر كردووە و لەنزیكەوە وتەی پێشكەش كردوون.

 

وێڕای ئەوەی بەشێك لە چالاكیەكانی ترەمپ ڕوبەڕووی ڕەخنەی نەیاران و هاوڵاتیانی بووەتەوە بەڵام سەردانە مەیدانیەكانی گەرچی سیاسیش بن لە نمونەی نوێترین سەردانیدا كە دوێنێ سێشەممە بۆ ولایەتی ئاریزۆنا ئەنجامی دا بەڵام بەڵگەیە لەسەر ئەوەی لە نەخۆشیەكە نەترساوە و لەڕووی مەیدانیەوە مامەڵەی لەگەڵدا كردوە.



هەرچی سەرۆكی ئێرانیشە كە پەتا زۆر بەكاریگەری وڵاتەكەی پێكاوە، سیستمە سیاسیەكەشی مایەی ڕەخنەی نەیارانیەتی، بەڵام هەموو هەفتەیەك ڕۆحانی لەگەڵ ئەنجومەنی حكومەتەیدا و تیمی قەیرانی وڵاتەكەی بۆ ڕوبەڕووبونەوەی پەتاكە كۆبووەتەوە و چەندین جاریش سەردانی مەیدانی بۆ ناو شاری تاران و چەند شارێكی تر ئەنجامداوە و دەزگاكانی وڵاتەكەی بەسەر كردووەتەوە.

 

لە عێراقیشدا دوای متمانە وەرگرتنی مستەفا كازمی وەكو سەرۆكوەزیران، چەندین جار سەردانی مەیدانی بۆ دەزگاكانی حكومەتەكەی بەسەركردووەتەوە و بەناوبانگترینیش سەردانەیەكەیەتی كە ڕۆژی 10ی ئایاری ڕابردوو خۆی کرد بە فەرمانگەى گشتیی خانەنیشی و لەوێوە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ براكەیدا ئەنجامدا و سەرەنجی بۆ ئەوە ڕاكیشا ناوی ئەو وەكو سەرۆكوەزیران بۆ كاری خراپ بەكار نەهێنێت.



بەلای توێژەرانی دەروونیشەوە، سەردانە مەیدانیەكان ڕۆلیان لە دڵنیاكردنەوە و گەڕانەوەی متمانەی هاوڵاتیان بەدەزگاكان هەیە.

 

كەمال فاروق، تویژەری دەروونی لە شاری هەولێر تایبەت بەناس كوردی ڕاگەیاند، "هەموو تاكێك پێویستی بەجۆرێك لەدڵنیای دەروونی هەیە بۆ ئەوەی هەست بە پەیوەستبوونی بە وڵاتەكەیەوە بكات، جا لەكاتی سەرهەڵدانی قەیرانەكاندا بەتایبەت لەشێوەی قەیرانی كۆرۆنادا ئەوەندەی دیكە خەڵكی هەست بەدڵنیای دەكات لەو دەزگایەی كە پێدەوترێت حكومەت و ژیانی ڕێكدەخات."

 

وتیشی، "كاتێك هەست بە نادڵنیایی دەكرێت وەكو ئێستای تاكی كوردی بەهۆی ململانێی سیاسیەكانەوە متمانەی بەدەزگا سەرەكیەكان لەدەستداوە بەڵام هەر پێویست دەكات سەرۆكی حكومەت وەكو دەزگایەكی دەوڵەتی سەردانەكانی بكات و بەبڕیار و كرداری باش و بەوەش جۆرێك لەدۆخی نامتمانەی چارەسەر بكات و بەدڵنیایەوە كاریگەری لەسەر گەڕانەوەی متمانەش هەیە". 



ئەوە جگە لە دەركردنی چەندین بڕیاری گونجاو بۆ هاریكاری كردنی ئەوانەی بەهۆی قەیرانەكەوە زیانیان بەركەوتووە و شوێنكەوتەی قەیرانە تەندروستیەكە بەسەر بژێوی ژیانیانەوە دیار بووە ئەو هەوڵێداوە بەچەند سەردان و بەداوداچونێك هەم لەكەموكۆڕیەكانی دەزگاكان ی تێبگات هەمیش هەوڵبدات بڕیار و پلانی دروست لەبارەیانەوە بدات وەكو ئەو بڕیارەی كە بۆ بیمەی كۆمەڵایەتی خێزانە هەژارەكان دەریكرد.

 

بەڵام بەپێی ئەو بەدواداچونەی ناس كورد بۆ كارو چالاكیەكانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم كردوویەتی و بۆ ئەو مەبەستەش ڕوماڵێكی فراوانی بەنێو دەزگا میدیایە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێم و میدیا سێبەرەكانی خۆی و حزبەكەیدا دەركەوتووە لەكاتی سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆناوە لە هەرێم هیچ سەردانێكی مەیدانی بۆ ناوچەكانی دەرەوەی هەولێر ئەنجامنەداوە.

 

هەر بەپێی بەدواداچوونەكانی ناس كورد، سەرۆكی حكومەتی هەرێم تەنها لەڕێگەی ئۆنلاینەوە زۆربەی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی حكومەتەكەی بەڕێوەبردووە.

 

بەوتەی بەرپرسانی تەندروستی هەرێم كە لەسەر پەتاكە قسەیان كردووە، سیستمی تەندروستی هەرێم توانای بەرەنگاربوونەوەی نییە و بەڵكو ئێستا قسە لەسەر شكستی سیستمەكە دەكرێت بەهۆی ئەوەی پەتاكە نەخۆشخانەكانی تەنیووە و بایكۆتی كارمەندانی كەرتی تەندروستیش بەهۆی پێنەدانی موچەكانیانەوە ئەوەندەی تر قەیرانەكەی قوڵتركردووەتەوە.

me_ga.php?id=359

ناس كورد لە بەدواداچونەكانیدا ئەوەشی بۆ دەركەوتووە، دوای تەشەنەسەندنی نەخۆشیەكە لەناوچەی سلێمانیدا كە خراوەتە هێڵی سووری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیەوە، بەڵام سەرۆكی حكومەت هیچ سەردانێكی مەیدانی بۆ بەسەركردنەوەی دۆخەكە ئەنجامنەداوە، نە لەگەڵ دەزگا تەندروستیەكانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی نە هیچ دەزگایەكی دیكەی حكومەتەكەیدا تەنانەت نەك بۆ ناوچەی سلێمانی بەڵكو بۆ ناوچەكانی هەولێر و دهۆكیش، تەنها لە رێگەی ئۆنلاین یاخود پەیوەندی تەلەفۆنیەوە.

 

سەفین ئاغا گەردی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بەناس كوردی ڕاگەیاند، "بەرنامەی حكومەت دیارە بۆ ئەو پرسە و خۆشیان باشتر دەزانن، ئەگەریش پێویست بكات سەردان دەكات و خۆشتان دەزانن نەخۆشیەكە خۆشی ڕێگرە لەهەندێك شت".

 

وتیشی، "ئەگەر پەتاكە لەئارادا نەبێت سەردانەكە بكات باشترە بۆ ئەوەی زیاتر لەنزیكەوە ئاگاداری دۆخەكە بێت و ئەوانیش داوایان كردووە سەردانە مەیدانیەكان بکەن بەڵام لەم دۆخەدا ناتوانن ئەو سەردانانە بكەن".