گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێويستە هاوڵاتییان بە سياسەتێكى توندى كەمكردنەوەى خەرجيەكاندا بڕۆن

وەزيرى دارايى عێراق: بارودۆخ بەم شێوەيە بەردەوام بێت دەكێشين بە ديوارێكدا

2020.06.23 - 18:01
وەزيرى دارايى عێراق: بارودۆخ بەم شێوەيە بەردەوام بێت دەكێشين بە ديوارێكدا

ناس کورد-

عەلى عەلاوى، وەزيرى دارايى عێراق هۆشدارى دەدات لەوەى كە ئابوریی عێراق ڕووبەڕوى چەند لێدانێك دەبێتەوە كە ناتوانن چارەسەرى بكەن ئەگەر رێوشوێنى چاكسازى لەماوەى ساڵێكدا نەگيرێتەبەر، جەختیش دەکاتەوە كە پێويستە 40 مليۆن هاوڵاتى عێراق بۆ ماوەى دوو ساڵ بە سياسەتێكى توندى كەمكردنەوەى خەرجيەكاندا بڕۆن.

 

عەلاوى بە ئاژانسى فرانس پرێسى وتووە: "ئەگەر لەماوەى ساڵێكدا بارودۆخەكە نەگۆڕين، ئەوا ڕووبەڕووى چەند لێدانێك دەبينەوە كە تواناى ئەوەمان نەبێت چارەسەرى بكەين"، ئاماژەكانيش باس لەوەدەكەن كە لەماوەى ساڵێكدا ئابورى عێراق بەڕێژەى 10% دێتە دواوە.

 

باسى لەوەشكردوە، بارودۆخى ئێستا زۆر خراپە، چونكە بەغدا ڕووبەڕووى حاڵەتێكى ئابورى مان و نەمان بووەتەوە، نرخى بەرميلێك نەوت نزيكەى 35 دۆلارە، بەڵام ژمارەى فەرمانبەران زياتر لە چوار مليۆنە و ژمارەيەكی زۆر كەسى تر موچەی تر و موچەى خانەنشينى وەردەگرن، ئەوەش واتاى ئەوەيە بڕى پێويستى خەرجى مانگانە لەنێوان چوار بۆ پيێنج مليار دۆلاردايە.

 

 

ئاشكراشيكردووە، هەروەها لە هەر پێنج عێراقیيەك يەكيان هاوكارى لە حكومەت وەردەگرێت، بۆيە خەرجى لەسەر حكومەت قورس بووە، لەكاتێكدا كە تاكە سەرچاوەى داهاتى نەوتە و ئەويش نرخەكەى بەشێوەيەكى بەرچاو پاشەكشەى كردوە.

 

خەزێنەيەكى بەتاڵ و فەزاييەكان

وەزيرى دارايى دەڵێت، پێويستە حكومەت موچەى مانگەكانى حوزەيران و تەموز لەكاتى دياریكراوى خۆى بدات، ئەويش لەرێگەى قەرزكردن لە بانكە حكوميەكان، هۆشداريش دەدات لەوەى كە ئەو ڕێوشوێنانە پێويستە بۆ ماوەيەكى كورت بن، بەپێچەوانەوە كاريگەرى لەسەر هەيكەلى نرخ دادەنێت، هەروەها دەبێتەهۆى هەڵاوسان و ئەوەش دەبێتەهۆى دانانى كاريگەرى لەسەر نرخى خەرجى و يەدەگى بانكى ناوەندى.

 

باس لەوەشدەكات، لە بەرامبەر زيادبونى خەرجيەكان بە درێژايى چەندين ساڵ خەزێنەى حكومەت بەتاڵ بوەتەوە، ئەوەش دواى 17 ساڵ لە داگيركارى ئەمريكا و كۆتايىهێنان بە ڕژێمى سەدام حسێن كە بووەهۆى دامەزراندنى سيستمێكى سياسى نوێ كە لە گەندەڵى و مەحسوبيەتدا ڕۆچووە، عێراقى گەياندە پلەيەكى پێشكەوتوو لە ليستى گەندەڵترين وڵاتانى جيهاندا.

 

پێويست بوو حكومەت پارەى پێويستى بۆ خەرجيەكانى مانگ و نيوێكى تر هەبوايە پێش ئەوەى تووشى قەيران ببێت، پێويست بوو لەنێوان 10 بۆ 15 ترليۆن دينار پارەى نەختينە لەبەردەستدا بووايە، بەڵام خەزێنەى حكومەت تەنها دوو ترليۆن دينارى تێدا بوو، عەلاوی وای وت.

 

شارەزايانى ئابورى و وەزيرى داراييش پێيان وايە، پێويستە چاو بە تەواوى سيستمى دارايى عێراقدا بخشێنرێتەوە كە دووەم گەورەترين وەبەرهێنەرى نەوتە لە رێكخراوى ئۆپێك.

 

عەلى عەلاوى ئەوەشى ڕوونكردوەتەوە، پێويستە 40 مليۆن عێراقى بۆ ماوەى دوو ساڵ بەشێوەيەكى توند بە سياسەتى كەمكردنەوەى خەرجيەكاندا بڕۆن، دەسەڵات كەلێنەكانى خشتەى خەرجيەكان چارەسەر دەكات بەتايبەتى لەوەى كە پەيوەندى بە زياتر لەيەك موچە و فەزاييەكانەوە هەيە، چونكە ئەوانە لە ليستى موچەخۆراندا ناويان هەيە بەبێ ئەوەى دەوام بكەن.

 

دەكێشين بە ديواردا

هەرچى لەسەر ئاستى حكومييە عەلاوى باسى لەوەكردوە: "پێويستە ئەو بەڵێنانەى ماوەيەكى زۆرە چاوەڕێين جێبەجێبكرێت كە ئەويش هەمەجۆركردنى سەرچاوەكانى ئابورى و چارەنوسى وڵات تەنها نەدرێتە دەست نرخى نەوتى خاو، گفتوگۆكانيش لەگەڵ بانكى نێودەوڵەتى و سندقى نەختينەى نێودەوڵەتى دەستيان پێكردوە".

 

وەزيرى دارايى عێڕاق تەئكيديش دەكاتەوە: "ئەگەر نرخى نەوت لەو ئاستەى ئێستادا بۆ ماوەى ساڵێك بەردەوام بێت و خەرجيش بەهەمان شێوەى ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا بەبێ گومان دەكێشين بە ديواردا و ناتوانين دەوڵەت بەڕێوەبەرين بەتايبەتى لەلايەنى ئابوريەوە، ئەوەش لەگەڵ بوونى هيوا بۆ بەرزبونەوەى نرخى نەوت تا بتوانين خەرجيەكان دابين بكەين".