گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بزانە چەند لە موچەکەت دەبڕدرێت؟

ناس کورد پێشنیازێکی لێبڕینی موچەی پێشمەرگە بڵاودەکاتەوە.. دوو پێشنیاز هەن

2020.06.23 - 17:14
ناس کورد پێشنیازێکی لێبڕینی موچەی پێشمەرگە بڵاودەکاتەوە.. دوو پێشنیاز هەن

ناس کورد-

ناس کورد پێشنیازێکی شێوازی لێ بڕینی موچەی ئەفسەر و پێشمەرگە و موچەخۆرانی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاودەکاتەوە و سەرچاوەیەکیش لەو وەزارەتە دەڵێت، هێشتا ئەو پێشنیازە جێبەجێنەکراوە، چونکە بەو لێبڕینەش ناتوانن %21 کورتهێنانەکە چارەسەربکەن و پێدەچێت بڕێکی زیاتر ببڕدرێت.

 

بەگوێرەی خشتەیەکی فەرمیی وەزارەتی پێشمەرگە کە تیایدا شێوازی لێبڕینی موچەی موچەخۆرانی ئەو وەزارەتەی تێدا پۆلێن کراوە، تیایدا ئەوە دەردەخات کە لێبڕینی موچەی موچەخۆرانی ئەو وەزارەتە لە %5ەوە دەستپێدەکات تا %50، ئەوەش بەگوێرەی موچە و پلە و ئیمتیازات.

 

خشتەکە و چۆنێتی لێبڕینی موچەی وەزارەتی پێشمەرگە:

me_ga.php?id=352

لەوبارەیەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە کە نەیویست ناوی ئاشكرا بکرێت بە ناس کوردی وت: "سەرەتا سێ پێشنیاز هەبوو بۆ کەمکردنەوەی موچەی پێشمەرگە، بەڵام پێشنیازێکیان بەهۆی ئەوەی بڕەکەی زۆر بوو، هەر لەسەرەتاوە ڕەتکرایەوە".

 

وتیشی: "تاوەکو ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، ئەم پێشنیازە هەبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەم بەم لێبڕینەش، ناتوانرێت ئەو کەمکردنەوەیە چارەسەر بکرێت و کۆی گشتیی موچەی وەزارەتەکە %21 کەمناکاتەوە، پێدەچێت پێشنیازێکی تر جێبەجێبکرێت".

 

ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی پێشمەرگە ڕوونیشیکردەوە: "واتە ئێستا ئەم پێشنیازە و پێشنیازێکی دیکە هەیە کە سەرقاڵی ئامادەکردنین و تائێستا بەفەرمی بڕیار لە هیچیان نەدراوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕیاری کۆتایی دەدرێت بۆ جێبەجێکردنی پێشنیازێکیان".

 

ئەوەشی خستەڕوو، پێشنیازەکەی دیکەش جیاوازییەکەی لەگەڵ ئەم پێشنیازەی ئێستا زۆر نییە و لێبڕینەکەی کەمێک زیاتر دەبێت، بەگشتیش پێشمەرگەیەکی ئاسایی کە موچەکەی 501 هەزار دینارە، لە 450 هەزار کەمتر وەرناگرێت.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، 21ی حوزەیرانی 2020، لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاردرا بە کەمکردنەوەی موچەی سەرجەم وەزارەتەکان بەڕێژەی %21 و بەوەش فەرمانبەران بەشێوەیەکی ڕێژەیی بڕێک لە موچەکانیان دەبڕدرێت، جگە لە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و ئەو کەسانەی موچەکانیان 300 هەزار و کەمترە.