گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دراوی ئێرانی دابەزینێکى مێژوویی بەرانبەر دۆلار و دراوەکانی دیکە تۆمارکرد

2020.06.23 - 14:29
دراوی ئێرانی دابەزینێکى مێژوویی بەرانبەر دۆلار و دراوەکانی دیکە تۆمارکرد

ناس کورد-

نرخی دراوی ئێرانی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریکی و دراوەکانی دیکە بەئاستێکی بەرچاو دابەزی و بەهای خۆی لەدەستدا و لەمێژوویدا بەکەم وێنە ناودەبرێت، بانکی ناوەندی ئێرانیش هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ قەیرانی کۆرۆنا و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاژانسی ئەتۆمی نێودەوڵەتی دژ بە و وڵاتە.  

 

بەگوێرەی هەواڵێکی ڕادیۆی" فەردا"ی ئێرانی کە زانیارییەکانی بەپشت بەستن بە چەند ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانیی وەرگرتووە، "ئەمڕۆ( سێشەممە 23ى حوزەیرانی 2020) دراوی ئێرانی (تمەن) بە ئاستێکی بەرچاو بەشێکی زۆری لەبەهاکەی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریکی، یۆرۆ و دراوە ئاڵتونییەکان لەدەستداوە".

 

ئاماژە بەوەشکراوە، دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی بە جۆرێکە، " یەک دۆلارى ئەمریکی بە 20 هەزار تمەن (200 هەزار ڕیاڵ)، یۆرۆ بە 22 هەزار و 400 تمەن لە بازاڕەکانی ئەو وڵاتە مامەڵەی پێوەکراوە".

 

دابەزینی بەهای تمەن بەرانبەر بە دراوەکانی دیکەی جیهانی توڕەبوونێکی زۆری لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی ئێران بەدوای خۆیدا هێناوە، بەکارهێنەرانی ئەو تۆڕانە ئاماژەیان بەوەکردووە کە نرخی کەلوپەلەکان لە ڕۆژێکدا دەیان جار گۆڕانکاری بەسەردا دێت و هەرکاتژمێرێک بەجۆرێک نرخ دەفرۆشرێن.

 
بە گوێرەی ڕادیۆ ئێرانییەکە، هاووڵاتیانی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەڕەخنە گرتن و تەنزێکی زۆرەوە  هێرشیان کردوەتە سەر ڕژێمی حکومی ئەو وڵاتە و ئاماژەیان بەوەکردووە "ئەگەر تمەن بەرانبەربە دۆلار بوو بە 18 هەزار ئەوە دڵخۆش دەبن، ئەو کەسانە گەوجن کە وادەزانن لە سایەی ئەم ڕژێمە ئیسلامییەوە وڵات بەرەو پێشەوە دەڕوات".

 

لای خۆیەوەعەبدولناسرهەماتی، پارێزگاری بانکی ناوەندی ئێران، هۆکاری دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی گەڕاندووە بۆ کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنا و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەى ئەتۆم دژ بە وڵاتەکەی،  بەڵێنی ئەوەشی داوە کە لەکاتێکی نزیکدا ئابوری ئێران بەرەوە بوژانەوە و نشونما هەنگاو بنێت.

 

هەماتی، جەختیلەوەشکردوەتەوە بانکی ناوەندی ئێران بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی دۆلار بۆ کۆمپانیاکان بە نرخێکی گونجاو، هۆشداریشدا لەوەی کە نابێت بڕیارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەى ئەتۆم ببێتە هۆکاری دروستکردنی کەشێکی دەرونی نەرێنی لەنێو خەڵکد.

 

لە ئێستادا ئێران بەدەست کەمبوونەوەی ڕێژەی یەدەکی دراوە بیانییەکانەوە دەناڵێنێت، بەگوێرەی پێشبینییەکانی سەندوقی دراوی نێو دەوڵەتی، ئەگەر هەیە یەدەکی ئێران لە دراوە  بیانییەکان بۆ ئەمساڵ کەمبێتەوە بۆ 83 ملیار دۆلار و پێشبینی ئەوەشکراو ساڵی داهاتوو (2021) لەوە زیاتر کەمبێتەوە  و بگاتە 69 ملیار دۆلار.