ناس کورد-
هاوسەرۆکى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان پەیامێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هۆشداریدا بەوەى کە ئەگەر هەرێم و بەغدا نەگەنە رێککەوتن یەکێک لە بژاردەکانیان هەڵپەساردنى بەشدارى لە پەرلەمان و حکومەت دەبێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لاهور شێخ جەنگى، هاوسەرۆکى یەکێتى لە پەیامەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات "ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌گاته رێككه‌وتن، شه‌فافییه‌تی نه‌بێت له خه‌رجی و داهات، یه‌كێتی ناچێته ژێر باری مووچه بڕین. هه‌ڵپه‌ساردنی به‌شداری له په‌رله‌مان و حكومه‌ت و، هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت یه‌كێك ده‌بێ له بژارده‌كانمان".
پەیامەکەى هاوسەرۆکى یەکێتى دوا بەدواى بڵاوکردنەوەى راگەیەندراوێکى مەکتەبى سیاسى یەکێتى بوو کە تیایدا پشتیوانى لە تیمى یەکێتى لە حکومەت کردبوو بۆ بەشداریکردنیان لە بڕینى مووچەى فەرمانبەران و جەختی لەسەر ئەوە کردبۆوە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ناچاریدا ئەو بڕیارەى داوە.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "بەھۆی باری نائاسایی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و دابەزینی نرخی نەوت کە شادەماری ئابووری ھەرێم و عێراقە و بەھۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا کە سەرجەم دامودەزگا و جومگەکانی ھەرێم و ناوچەکەی پەکخستووە، دەزانین کە حکومەتی ھەرێم بەناچاری ئەم بڕیارە قورسەی داوە".
مەکتەبى سیاسى یەکێتى لە راگەیەندراوەکەیدا داوا لە شاندی حکومەتی ھەرێم دەکات کە بەنیازن بەزوترین کات بەرەو بەغدا بەرێبکەون بەمەبەستی تەواوکردنی دانوستاندنەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ، ھەرچی زۆرتر و زیاترە پێداگری لەسەر مافە رەواو دەستوری و یاساییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکات.