گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پرسیارەکەى نێچیرڤان بارزانى لە کازمى لەبارەى موچەى فەرمانبەرانەوە ئاشکراکرا

2020.06.23 - 11:13
پرسیارەکەى نێچیرڤان بارزانى لە کازمى لەبارەى موچەى فەرمانبەرانەوە ئاشکراکرا

ناس کورد-

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبەغدا ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم لەسەردانەکەیدا بۆ بەغدا پرسیارێکى لەبارەى موچەى فەرمانبەرانەوە لە مستەفا کازمى کردووە و داواى لێکردووە ئەو پرسە نەبەستێتەوە بە کێشەکانەوە.

 

شەممەى ڕابردوو شاندێکى هەرێم بەسەرۆکایەتى نێچیرڤان بارزانى گەیشتە بەغدا و لەگەڵ دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتە کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنى کێشە هەڵپەسێردراوەکانى هەرێم و بەغدا و چارەسەرکردنیان.

 

فارس عیسا نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبەغدا لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک نوسیویەتى “نێچیرڤان بارزانی لەسەردانەکەیدا بۆ بەغدا و کۆبوونەوەى لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسانى حکومەت جەختیکردووەتەوە لەسەر بوونى تێگەیشتنێکى هاوبەش بۆ روبەڕوونەوەى کێشەکان و چارەسەرکردنیان".

 

دەشڵێت "نێچیرڤان بارزانى پرسیارى لە کازمى کردووە ئایا تۆ سەرۆکوەزیرانى هەموو عێراقیت یاخود نا؟ ئەگەر وەڵامەکە بەڵێیە دەبێت موچەى فەرمانبەرانى هەرێم بدەیت و نەیبەستیتەوە بە کێشەکانى دیکەوە".

 

بەوتەى فارس عیسا، نێچیرڤان بارزانى جەختیکردووەتەوە هەرێم ئامادەى هەموو هاوکارییەکە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و روبەڕبوونەوەى ئەو کێشانەى بەرۆکى عێراقى گرتووە.

 

ئەوە لەکاتێکدایە، بڕیارە ئەمڕۆ (سێشەممە) شاندێکى حکومەتى هەرێم بگاتە بەغدا بەمەبەستى دەستپێکردنەوەى دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا لەبارەى نەوت و موچەى فەرمانبەرانەوە.

 

خالید شوانى، وەزیرى هەرێم لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند  "شاندەکە گفتوگۆ لەبارەى بودجەى گشتى حکومەتى فیدراڵ و پشکى هەرێمى کوردستان لەو بودجەیە و دۆسیەى نەوت و بەشداریکردنى هەرێمى کوردستان لە پابەندبوونەکانى عێراق بە کەمکردنەوەى بەرهەمهێنانى نەوت دەکات".  

  

بەوتەى شوانى یەکێک لەو دۆسیانەى کە شاندەکە لەگەڵ بەرپرسانى عێراق گفتوگۆى لەسەر دەکات بابەتى پابەندبوونى هەرێمى کوردستانە بە ڕادەستکردنى نەوت بە بەغدا بۆ هاوکاریکردنى بودجەى گشتى عێراق و هاوکات زامنکردنى شایستە داراییەکان و بودجەى هەرێم و مووچەى فەرمانبەران.  

  

وەزیرى هەرێم ئاماژەى بەوە کرد کە ئیرادەیەکى ڕاستەقینە لەلاى هەردوو حکومەت هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و چارەسەرکردنى ڕیشەییانەى سەرجەمى کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەگوێرەى دەستور و بەو جۆرەى لە بەرژەوەندى گەلى عێراق بێت.