گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نەخۆشخانەکان بوونەتە کانگاى نوێی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە

بەسەدان پزیشک و کارمەندی تەندروستیی عێراق توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون

2020.06.23 - 10:12
بەسەدان پزیشک و کارمەندی تەندروستیی عێراق توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون

ناس کورد-

ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی بڵاویکردەوە، بەسەدان پزیشک و کارمەندی تەندروستیی عێراق توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، مەترسی ئەوەش هەیە کەرتی تەندروستی ئەو وڵاتە توشی داڕوخان بێتەوە.

 

بەپێی ڕۆژنامەی" واشنتۆن پۆست"ی ئەمریکی کە زانیارییەکانی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی پزیشکی عێراقییەوە وەرگرتووە "ڕێژەی ئەو پزیشکە عێراقییانەی کە توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون لە ئێستادا  گەیشتووەتە  83%".

 

ئاماژە بەوەشکراوە "ئەو پزیشکانەی کە نیشانەکانی نەخۆشییەکەیان تێیدا دەردەکەوێت پشکنینیان  بۆ دەکرێت ودواتر داوایان لێدەکرێت بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان پێش ئەوەی ئەنجامی پشکنینەکانیان دەربکەوێت، ئەوەش وایکردووە نەخۆشییەکە زیاتر بڵاوبێتەوە".

 

بەگوێرەی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە، "ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنگی بە کارمەندانی بەشی تاقیکردنەوە پزیشکییەکانیش هەڵچنیوە کە سەرپەرشتی  بنبەڕکردن و چاودێری پەتاکە دەکەن".

 

عەبدول ئەمیر موحسن، سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی عێراق ڕاگەیاندووە " لەبری ئەوەی نەخۆشخانەکان ببن بە هۆکاری بەرگرتن و قەڵاچۆکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێستادا بووە بە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە لە عێراق".

 

پزیشکێکی عێراقیش کە نەیویستوە ناوی بهێنرێت بە ڕۆژنامەکەی وتووە "ئەو پزیشکانەی کە بەدەست نیشانەکانی پەتاکەوە دەناڵێنن و پشکنینیان بۆ دەکرێت بەبێ چاوەڕێکردنی ئەنجامی پشکنینەکانیان لەلایەن کارگێری نەخۆشخانەکانەوە داوایان لێدەکرێت بەردەوامبن لە ئەنجامدانی کارەکانیان بەبێ گوێدان بە سەلامەتی و تەندروستیی تیمە تەندروستییەکان".

 

لە ئێستادا بەگوێرەى داتا فەرمییەکانی دەسەڵاتی تەندروستی عێراق، زیاتر لە 32 هەزار حاڵەتى توشبوون بەو نەخۆشییە تۆمارکراوە، ئەوانەشی بە پەتاکە مردون ژمارەیان هەزارو 167 کەسن.