گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی نوێ لەبارەى ئەگەرى رێککەوتنى هەرێم و بەغدا

هەرێم دەیەوێت پرسى موچە لە دانوستانەکان جیابکاتەوە

2020.06.22 - 23:03
App store icon Play store icon Play store icon
هەرێم دەیەوێت پرسى موچە لە دانوستانەکان جیابکاتەوە

ناس کورد-

 

حکومەتى هەرێمى کوردستان دەیەوێت دۆسیەى نەوت ڕادەستى بەغدا بکات و پرسی موچەى فەرمانبەران جیابکاتەوە لە کێشەکان، بەئامانجى گەیشتن بە رێککەوتن لەدانوستانى چاوەڕوانکراوى سبەینێدا لەگەڵ حکومەتى عێراق.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دواى ماوەیەک لە وەستانى دانوستانەکانى هەرێم و بەغدا، بڕیارە سبەینێ شاندێکى باڵاى هەرێم بەسەرۆکایەتى قوباد تاڵەبانى بچێتەوە بەغدا، بەئامانجى گەیشتن بەرێککەوتن لەسەر کێشەکان لەگەڵ کابینەى نوێی حکومەتى عێراق بەسەرۆکایەتى مستەفا کازمى.

 

سەردانەکە، دواى سەردانەکەى چەند رۆژى ڕابردووى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم دێت بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانى عێراق بە ئامانجى چارەسەرکردنى کێشە هەڵپەسێردراوەکان.

 

هەرێم چى دەوێت؟

هەرێمى کوردستان هیواى لەسەر دانوستانەکانى ئەمجارە هەڵچنیوە بۆ ئەوەى بتوانێت پارەى تایبەت بە موچەى فەرمانبەران مسۆگەر بکات و ئەو بڕیارە کاتییەى داویەتى بۆ برینى بەشێک لە موچەى فەرمانبەران لەمانگێک زیاتر درێژە نەکێشێت.

 

سەرچاوەیەکى ئاگادار لە شاندى حکومەتى هەرێم بۆ ناس کوردى ئاشکراکرد، دەیانەوێت پرسی موچە جیابکەنەوە لەپرسی دانوستانەکان، بەجۆرێک بەغدا موچە دابین بکات و حکومەتى هەرێمیش پابەندبوونى دارایی و نەوتى سەرى جێبەجێ بکات.

 

وتیشى "دەمانەوێت بەغدا موچە دابین بکات و ئێمەش واز لە نەوت بهێنین، بەجۆرێک داهاتى 250 هەزار بەرمیلى نەوتى رۆژانە رادەستى بەغدا بکەین پارەى نەوتەکەى دیکە بدەینە حەقدەستى کۆمپانیا نەوتییەکان، نیوەى داهاتى گومرگ و خاڵە سنورییەکانیش بدەینە بەغدا، بەو نیوەی دیکەى داهاتەکەش بتوانین خەرجى بەکاربردن دابین بکەن".

 

حکومەتى هەرێم پێشتر چەندجارێک ئامادەیی نیشانداوە بۆ رادەستکردنى نەوت و نیوەى داهاتى گومرگ و خاڵە سنورییەکان کە بەغدا پێشتر داوایدەکرد، بەڵام دیار نییە بەغدا ئەمجارە ئاستى داواکارییەکانى بەرزدەکاتەوە یاخود نا.

 

بەوتەى سەرچاوەکە، ئامانجى شاندى هەرێم گەیشتنە بەرێککەوتن لەگەڵ بەغدا، هەرچەندە ئەو دانوستانانەى پێشتر کرابوون زۆر بەرەوپێشچونیان بەخۆوە بینیبوو بەتایبەتى لەگەڵ وەزیرانى نەوت و دارایی پێشوو، بەڵام ئێستا وەزیرەکان گۆڕاون، ئەوەش کێشەیە.

 

تا ئێستا کابینەى نوێی حکومەتى عێراق بەسەرۆکایەتى مستەفا کازمى هەڵوێستى روونى لەبارەى گەیشتن بەرێککەوتن لەگەڵ هەرێم دەرنەبڕیوە، بەڵام کۆتایی مانگى ڕابردوو بڕى 400 ملیار دینارى رەوانەى هەرێم کرد وەک شایستە داراییەکانى مانگى نیسان بۆ موچەى فەرمانبەران، کە پێشتر لەکۆتایی ماوەى دەسەڵاتەکەى عادل عەبدولمەهدیدا بڕیارى راگرتنى درابوو.

 

سەرچاوەکە دەڵێت، حکومەتى ئێستاى هەرێم پرسی نەوت لەگەڵ بەغدا ناکاتە کێشە، ئەوەش بەدرێژایی ساڵانى رابردوو تا ئێستا گرێکوێرە بووە، ئەگەر ئەو گرێکوێرەیەش بکرێتەوە هیواى رێککەوتن هەیە "لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت کازمى شتێک بکات کە هاوسەنگ بێت بەتایبەتى بۆ شەقامى عێراقى تا روبەڕووى گرفت نەبێتەوە، ئەوەش لەرێگەى رادەستکردنى نەوتەوە بەدیدێت".

 

دانوستانە چاوەڕوانکراوەکەى سبەینێ دواى رۆژێک دێت لە بڕیارى کەمکردنەوەى موچەى فەرمانبەران بەڕێژەى 21% لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە، بۆ خۆگونجاندان لەگەڵ ئەو رەوشە داراییەى روبەڕووى بووەتەوە.

 

حکومەتى هەرێم جەختیکردووەتەوە کە ئەو بڕیارە تەنها بۆ موچەى ئەم مانگەیە و هەوڵى چارەسەرکردنى دەدەن بۆ مانگەکانى داهاتوو لەرێگەى چەند رێکارێکەوە کە یەکێکیان رێککەوتنە لەگەل بەغدا، هەرچەندە هێشتا دڵنیاییەکى تەواوەتى نییە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.

 

سەرچاوەکە باسى لەوەکرد، لەکۆبوونەوەى حکومەتى هەرێمدا کە تێیدا بڕیارەکە درا باس لەوە کراوە کە بەو پارەیەى لەبەردەستدایە موچە دابەشبکرێت بەبێ لێبڕین تا دەگەن بە رێککەوتن لەگەل بەغدا، بەڵام ئەو ئۆپشنە گەرەنتى نەبووە، بۆیە بڕیاریان لەبارەوە نەدراوە.

 

"بڕیارى کەمکردنەوەکە درا، چونکە دیار نییە لەگەڵ بەغدا دەگەین بە رێککەوتن یاخود نا، ئەگەر نەگەین بە رێککەوتن دیار نییە چى ڕوودەدات".

 

بەغدا چى دەوێت؟

عێراق لەدانوستانەکانى چەند مانگى ڕابردوودا تەنها بەداواى رادەستکردنى نەوتەوە نەوەستا، بەڵکو چەندین داواى دیکەى کرد وەکو زانیاریى تایبەت بە موچەى فەرمانبەران و دۆسیەى نەوت و گومرگ و خاڵە سنورییەکان و داهاتەکانیان، هەرێمیش رەزامەندى لەسەر نیشاندان.

 

بەڵام دانوستانەکان و ئەو داواکارییانە لەسەردەمى حکومەتە کاربەڕێکەى عادل عەبدولمەهدیدا بوون، دانوستانەکانى ئەمجارەش لەگەڵ کابینەکەى مستەفا کازمیدان کە دیار نییە داواکارى نوێیان هەیە لەهەرێم یاخود نا.

 

رۆژى شەممە، 20ی حوزەیرانی 2020، نوسینگەی ڕاگەیاندنی مستەفا کازمی دواى کۆبوونەوەى کازمى و نێچیرڤان بارزانى لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باسی چەند دۆسییەکی پەیوەندیدار بە حکومەتى فیدڕاڵی و حکومەتى هەرێم کراوە و ڕێککەوتوون لەسەر کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕابردوو بەپێی دەستور.

 

هەروەها رۆژى 19ی حوزەیران هشام داود، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاندبوو، "حکومەتی فیدراڵی چیدی هیچ گوژمەیەکی دیکەی پارە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نانێرێت، ئەگەر حکومەتی هەرێم نەوت و داهاتی خۆی ڕادەستی بەغدا نەکات".

 

دانوستانەکانى ئەمجارە لەرۆژانى کۆتایی ئەو وادە 30 رۆژیەدا بەڕێوەدەچن کە بەغدا دیاریکردووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ هەرێم. دانوستانەکان هاوکاتن لەگەڵ ئەو قەیرانە داراییەى روبەڕووى هەردوو حکومەتەکە بووەتەوە، بەهۆى کاریگەرى قەیرانى کۆرۆنا و دابەزینى نرخى نەوتەوە، هەریەکەیان دەیانەوێت لەرێگەى رێککەوتنەوە بەشێک لەکاریگەرى قەیرانەکە لەسەر شانى سوک بکات.  

 

حەنین قەدۆ، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانی فەتحی سەر بە هادی عامری دەربارەی ئەگەری گەیشتن بەڕێککەوتنى هەرێم و بەغدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند، "ڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی ناوخۆ و دەروازە سنورییەکان بەس نیین بۆ ئەوەی هەردوولا ڕێکبکەون، چونکە لەئێستادا کێشەی دیکەش هەیە کە دەبێت ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت بۆئەوەی جارێکی تر کێشەکان سەرهەڵنەدەنەوەو کۆتاییان پێیبێت، وەک ئەو بیرە نەوتیانەی کە لە ئێستادا تازە لێدراون و هەرێمی کوردستان نەوتەکانی دەبات کە کەوتووەتە ناوچەکانی دەرەوی هەرێم وەک ناوچەکان شێخان، باشیک و باعەردێ و چەند ناوچەیەکی دیکە" .  

  

دەشڵێت، "لە ئێستادا هەرێمی کوردستان زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار قەرزاری ئەو کۆمپانیا نەوتیانەیە کە لەهەرێمی کوردستان کاردەکەن ئەوەش گوژمەیەکی گەورەیە کە دەبێت بەجدی گفتۆگۆی لەسەر بکرێت".  

  

بەبڕوای پەرلەمانتارەکەی هاوپەیمانی فەتح، بۆ ئەوەی کێشەکان لەڕیشەوە چارەسەر بکرێن "دەبێت حکومەتی کوردستان پابەندی دەستوری عێراق بێت و هەموو ئەو نەوتەی کە هەناردەی دەرەوەی دەکات کە مەزەندە دەکرێت بە زیاتر لە 600 هەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە ڕادەستی حکومەتی بەغدا بکات و بەرانبەر بە ئەوەش پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراقدا زیاد بکرێت بۆ 15%".  

  

پشکى هەرێم لە بودجەى گشتى عێراق لەساڵى ڕابردوودا بە 12.6% دیاریکرابوو، بەرانبەر ڕادەستکردنى 250 هەزار بەرمیل نەوت، بەڵام بەهۆى ڕدەستنەکردنى نەوتەوە بەغدا پشکەکەى خەرجنەکرد، جگە لەو پارەیەى مانگانە بۆ موچەى فەرمانبەران دەینارد.  

 

 قەدۆ نەیشاردەوە کە لەئێستادا بەشێکی زۆرلە پەرلەمانتارانی عێراق "دژ بە نواندنی نەرمین لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەرانبەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، داواش دەکەن حکومەتەکەی کازمی نەکەوێتە ژێر باری فشارە سیاسیەکان و بەوردی دەقە دەستورییەکان دەرباری پەیوندییەکان بەغدا و هەولێر جێبەجێبکات".