گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سبەینێ سێ سەرۆکایەتییەکە لەو بارەیەوە کۆدەبنەوە؟

ناس کورد وردەکاریی گۆڕانکاریی لەموچەى فەرمانبەران بڵاودەکاتەوە

2020.06.21 - 21:24
ناس کورد وردەکاریی گۆڕانکاریی لەموچەى فەرمانبەران بڵاودەکاتەوە

ناس کورد-

حکومەتى هەرێم تاوتوێی ئەوە دەکات بە بڕینى نیوەى موچەى پلە باڵاکان بتوانێت ئەم مانگە موچە دابەشبکات، بۆ مانگەکانى دیکەش لە سێ رێگەوە بتوانێت چاکسازى بکات تا پارەى پێویست بۆ موچە دابین بکرێت.

 

ماوەى چەند رۆژێکە حکومەتى هەرێم سەرقاڵى ئەنجامدانى زنجیرەیەک کۆبوونەوەیە بەمەبەستى پێداچونەوە بە موچەى فەرمانبەران و رێکخستنەوەى موچە و دەرماڵە، دواى ئەوەى حکومەت نەیتوانى لەوادەى خۆیدا موچە دابەش بکات.

 

سەرچاوەیەکى ئاگادار لە گفتوگۆکانى حکومەت بۆ ناس کوردى ئاشکراکرد، ئێستا حکومەت 500 ملیۆن دۆلارى لەبەردەستە، تاوتوێی ئەوە دەکات بتوانێت داهاتەکە بگەیەنێتە 600 ملیۆن لەرێگەى قەرزکردنەوە، بەوەش دەتوانێت موچەى نزیکەى 80%ى فەرمانبەران دابین بکات.

 

باسى لەوەشکرد، ئەو بەشەى کورتهێنانە کە دەمێنێتەوە لەرێگەى بڕینى نیوەى موچەى پلە باڵاکانەوە دابیندەکرێت، هەرچەندە پێشتر چەند بیرۆکەیەک هەبوو بۆ بڕینى 35% موچە یان دواخستنى دابەشکردنى.

 

بەوتەى سەرچاوەکە، ئەو چارەسەرە تەنها بۆ ئەم مانگەیە، بۆ مانگى داهاتوو لەسێ رێگەوە هەوڵى چارەسەر دەدرێت، ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق، جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە موچە، چاکسازی لە داھاتی نەوت و گومرگ.

 

هەرچەندە باس لەوەدەکرێت کە سبەینێ لەکۆبوونەوەى سێ سەرۆکایەتییەکەى هەرێمى کوردستاندا بڕیار لەسەر ئەو پرسە دەدرێت، بەڵام مونا قەهوەچى سکرتێرى پەرلەمانى کوردستان بە ناس کوردى ڕاگەیاند، تا ئێستا ئاگادارنەکراونەتەوە لەو بارەیەوە و هیچ بڕیارێک نییە بۆ کۆبوونەوەى سێ سەرۆکایەتییەکە.



حکومەتى هەرێم هەفتەى ڕابردوو لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاندبوو، گفتوگۆی کردووە دەربارەی ڕێکخستنەوەی خەرجییەکان و خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو توانا و بودجەیەى کە ئێستا لە بەردەستی وەزارەتی دارایی و ئابووریدایە بە مەرجی پاراستنی مافی مووچەخۆرانی ئاسایی شایستە.



جەختیکردبووەوە لەسەر بەردەوامبوونی کەمکردنەوەی مووچەی خاوەن پلە تایبەتەکان و ئەوانەشی بەو پلانە خانەنشین بوون کە لە کۆبوونەوەکانی پێشوو بڕیاریان لەسەر درا.



زیاد جەبار سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان بە ناس کوردى ڕاگەیاند، چاوەڕوانن بزانن سبەینێ حکومەت بڕیارى چی دەدات لەو بارەیەوە، دواتر کۆبوونەوە دەکەن لەبارەى بڕیارەکەوە.

 

وتیشى "حکومەت دەستکارى موچە دەکات، تا ئێستاش هیچ راوێژێکى بە پەرلەمان نەکردووە لەو بارەیەوە".