گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نێچیرڤان بارزانی داوا لە نوری مالکی دەکات سەردانی کوردستان بکات

2020.06.21 - 16:01
نێچیرڤان بارزانی داوا لە نوری مالکی دەکات سەردانی کوردستان بکات

ناس کورد-

لەدوای کۆبوونەوە لەگەڵ عەمار حەکیم و هادی عامری، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە بەغدا لەگەڵ نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە.

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ى حوزەیرانی 2020، نوسینەگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایاگەیاند، نوری مالکیپێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری کردووە و پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی عێراقی و هەرێمی کوردستان و دۆخی سیاسی، ئەمنی و تەندروستی عێراقیان تاوتوێی کردووە".

 

ئاماژە بەوەکراوە، ماڵکی جەختیلەوە کردوەتەوە کە "دەبێت لایەن سیاسییەکانی عێراق بەردەوامبن لە گفتوگۆی نێوانیان بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاڵنگارییانەی کە ئێستا ڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی کۆرۆنا".

 

مالکی داوایکردووە "کێشەکانی نێوان عێراق وحکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دەستورەوە چارەسەربکرین و پەلە بکرێت لە پەسەندکردنی یاسای نەوت وگاز".

 

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، نێچیرڤان بارزانی ستایشی مالکی کردووە و ڕێز و سڵاوی سەرکردایەتی کوردی پێگەیاندووە و داوایلێکردووە سەردانی کوردستان بکات.

 

مالکی "بەڵێنی بە نێچیرڤان بارزانی داوە دەرفەتێکە بەهەند وەربگرێت و لە کاتێکی نزیکدا داواکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سەردانکردنی هەولێر جێبەجێبکات."

 

هەر لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانێتی فەتح کۆبووەوە و ئەو هاوپەیمانێتیەش دەڵێت، سێ دۆسییەی سەرەكی تاوتوێ كراوە كە یەكێكیان پرسی دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا بووە لە عێراق.  

  

لەدوای کۆبوونەوەکە لە ڕاگەیەنراوێكدا هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاند، لە دیدارەكەدا هەردوولا چەند دۆسیەیەكیان تاووتوێ كردووە، لەوانە پاڵپشتیكردنی بڕیارەكەی پەرلەمان بۆ دەركردنی هێزە بیانیەكان و پێویستی یەكڕیزی لایەنە سیاسییەكانی عێرق بۆ پاراستنی سەروەرییەكانی و بەرگریكردن لێی.  

  

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، هەر لەدیدارەكەدا باس لەپێشێلكارییە بەردەوامەكانی سوپای توركیا كراوە بۆ سەر سەروەرییەكانی خاكی عێراق و دەستوەردانی سەربازی ئەو وڵاتە لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان.  

  

هاوپەیمانی فەتح ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەروەها گفتوگۆی چەند پڕۆژە یاسایەك كراوە كە گرنگترینیان یاسای هەڵبژاردنەكان و دەنگدان لەسەری وەكو بنەمایەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.  

  

دوێنێ شەممە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەسەردانێکی چاوەڕواننەکراو گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و لەگەڵ سەرۆکی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆبووەوە و ئەمڕۆش بەردەوامە لەسەر کۆبوونەوەکانی.