ناس کورد-
کارمەندانی بانکی خوێنی سلێمانی هەڕەشەی ڕاگرتنی دەوام دەکەن و یەک هەفتە مۆڵەتیان بە حکومەت داوە تاوەکو بەدەم داواکارییەکەیانەوە بچێت و موچە دابەش بکات، بە پێچەوانەوە دەوام ڕادەگرن و ئەوەش وەرگرتنی پلازمای چاکبووانی کۆرۆنا پەک دەخات.
پەیامنێری ناس کورد ڕایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی حوزەیرانی 2020، کارمەندانی بانکی خوێنی سلێمانی، بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕی و یەک هەفتە مۆڵەتیان بۆ حکومەت داناوە، تاوەکو وەڵامیان بدەنەوە موچە دابەشبکەن.
وتیشی، کارمەندانی بانکی خوێنی سلێمانی کە نزیکەی 120 کارمەندن دەڵێن: "ئەم هەفتەیەش لەبەر گیانی توشبووانی کۆرۆنا و بۆ وەرگرتنی پلازمای خوێنی چاکبووان کاردەکەن، بەڵام ئەگەر لەماوەی ئەم هەفتەیەدا موچەکانیان پێنەدرێت، دەوام ڕادەگرن و ئەوەش وەرگرتنی پلازما پەکدەخات".