گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کاریگەی چۆنە و کەی دەگاتە هەرێم؟

تەندروستی جیهانی پاڵپشتی عێراق دەکات بۆ بەکارهێنانی دەرمانە ڕوسییەکە لەدژی کۆرۆنا

2020.06.21 - 10:19
تەندروستی جیهانی پاڵپشتی عێراق دەکات بۆ بەکارهێنانی دەرمانە ڕوسییەکە لەدژی کۆرۆنا

ناس کورد-

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پاڵپشتی عێراقی کرد لە بەکارهێنانی دەرمانی   (ئەفیڤاڤێر)ی ڕوسی بۆ چارەسەرکردنی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕاشیگەیاند، دەرمانەکە توانیویەتی حاڵەتە ناجێگیرەکانی ئەو پەتایە لە وڵاتی ڕوسیا چارەسەر بکات.

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ی حوزەیرانی 2020، ڕێکخراوەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا پشتگیری خۆی بۆ عێراق دەربڕی و ڕەتی کردەوە وتبێتیان ئەو چارەسەرە ڕوسییە سودی نییە و بێ کەڵکە.

 

ڕێکخراوەکە داواشی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد بەوردی ڕاگەیاندراو و لێدوانەکانی بەرپرسانی ڕێکخراوەکە وەربگرن و نەبنە هۆکاری چەواشەکاری.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: "لە ئێستادا هەموو وڵاتانی جیهان بە گوێرەی پرۆتۆکۆلێکی نێودەوڵەتی کاردەکەن و هەماهەنگی یەکتر دەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پەتای کۆرۆنا و ئاگاداری هەنگاوەکانی یەکترن لەو بوارەدا".

 

ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە ئەوەشی خستوەتەڕوو: "دەرمانە ڕوسییەکە توانیویەتی لە ڕوسیا چارەسەری ژمارەیەک حاڵەتی ناجێگیری نەخۆشییەکە بکات، بۆیە بەکارهێنانی لە عێراق و سوریا بەشێکە لەو هەماهەنگییەی کە وڵاتانی جیهان لەگەڵ یەکتردا دەیکەن لە پێناو تێپەڕاندنی قەیرانی کۆرۆنا".

 

جەختی لەوەشکردوەتەوە کە "بەکارهێنانی دەرمانە ڕوسییەکە هاوشێوەی دەرمانی (دیکسامیسازۆن)ی بەریتانیە کە لە ئێستادا چەند وڵاتێکی جیهان بەکاریدەهێنن و ئەنجامێکی باشی بەدەست هێناوە لە تاقیکردنەوە تەختییەکانی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە".

 

بڕیارە لەم هەفتەیەدا ئەو دەرمانەی ڕوسیا بەرهەمیهێناوە بۆ چارسەری کۆرۆنا بگاتە عێراق و پشکی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە، تەندروستیی هەرێمیش دەڵێت، هەوڵدەدەن بڕی پێویست لە دەرمانەکە دابین بکەن و دەشکرێت دەرمانەکە لە عێراق و هەرێمیش دروست بکرێت.   

  

محەمەد قادر خۆشناو، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەو دەرمانەی کە ڕوسیا وەک چارەسەری کۆرۆنا بەرهەمیهێناوە، بڕیارە لەم هەفتەیەدا بگاتە عێراق و بەگوێرەی ژمارەی توشبووان پشکی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە و ئەگەر لەم هەفتەیەدا بگاتە عێراق و بڕیار لەسەر بەکارهێنانی بدرێت، ئەوا لە هەفتەی داهاتوو لە هەرێمی کوردستانیش بەردەست دەبێت".  

 

زیاتر بخوێنەوە: تەندروستیی هەرێم وادەی گەیشتنی چارەسەرە ڕوسییەکەی کۆرۆنا ئاشکرادەکات

 

سەرەتاى ئەم مانگە میدیاکانى روسیا بڵاویانکردەوە، کە عێراق خواستى خۆى نیشانداوە بۆ سودوەرگرتن لەو دەرمانە نوێیەى روسیا بۆ چارەسەرى توشبووانى کۆرۆنا.  

 

ناوەڕاستى مانگى ڕابردوو، كيريل ديمتريف، سەرۆکى سندوقى نیشتیمانى ڕوسیا کە هاریکاریی دارایی تیمە تەندروستییەکانیان کردووە بۆ تاقیکردنەوە لەسەر دەرمانەکە بە ئاژانسى ڕۆیتەرزى ڕاگەیاند، نەخۆشخانەکانى ڕوسیا دەتوانن لە 11ى ئەم مانگەوە ئەو چارەسەرە دژى کۆرۆنا بەکاربهێنن کە بەناوى (ئەفیڤاڤێر) تۆمارکراوە.    

 

وتیشى، کۆمپانیاى دروستکەرى دەرمانەکە بڕى پێویست بۆ چارەسەرى نزیکەى 60 هەزار نەخۆش لە مانگێکدا بەرهەمدەهێنێت.    

 

ئەوە لەکاتێکدایە، تائێستا هیچ ڤاکسینێک بۆ چارەسەرى توشبووانى کۆرۆنا نەدۆزراوەتەوە، تاقیکردنەوەکانیش لەسەر چەندین دەرمانى دژە ڤایرۆس لەو بارەیەوە بێ ئەنجام بوون.    

 

دەرمانى (ئەفیڤاڤێر) لە کۆتایی نەوەدەکاندا لەلایەن کۆمپانیایەکى ژاپۆنییەوە پەرەى پێدرا، پاشان کۆمپانیاى "فوجى فيلم" کڕییەوە کاتێک چالاکیەکانى فراوانکرد بۆ پاراستنى تەندروستى.    

 

ديمتريف وتى، "زانایانى ڕوسیا چەند گۆڕانکارییەکیان لە دەرمانەکەدا کردووە بۆ ئەوەى زیاتر کارابێت، مۆسکۆ ئامادەیە بۆ گواستنەوەى وردەکاریی ئەو گۆڕانکارییانە بۆ لایەنى دیکە لەماوەى دوو هەفتەدا".    

 

ژاپۆنیش تاقیکردنەوەى لەسەر هەمان دەرمان کردووە لەژێر ناوى "ئەفيجان"، شینزۆ ئابى، سەرۆکوەزیرانى یابان ڕایگەیاند حکومەت 128 ملیۆن دۆلارى تەرخانکردووە بۆ ئەو بوارە، بەڵام تا ئێستا دەرمانەکە بەکارنەهێنراوە بۆ توشبووان.    

 

ناوى دەرمانى (ئەفیڤاڤێر) ڕۆژى شەممە خرایە لیستى دەرمانە پشتپێبەستراوەکان لەلایەن حکومەتى روسیاوە، بەوتەى ديمتريف تاقیکردنەوەکان لەسەر دەرمانەکە 330 کەس بەشداریان تێدا کردووە، لەزۆربەى حاڵەتەکاندا لەماوەى چوار ڕۆژدا چارەسەرى توشبووانى کردووە.    

 

باسى لەوەشکردووە، بڕیارە لەم هەفتەیەدا تاقیکردنەوەکان تەواو بکرێن، بەڵام وەزارەتى تەندروستى پشت بە دەرمانەکە دەبەستێت بەپێی رێوشوێنى تایبەت و خێرا، پڕۆسەى بەرهەمهێنانیشى لە مانگى ئازارەوە دەستیپێکردووە.    

 

ئەوە لەکاتێکدایە تاقیکردنەوە کلینکییەکان لەسەر کاریگەرى دەرمان چەند مانگێکى پێدەچێت، بەبەشدارى ژمارەیەکى گەورەى نەخۆش کە دەبێت بەهەڕەمەکى تاقیکردنەوەیان لەسەر بکرێت.    

 

بەڵام بەرپرسەکەى روسیا وتى کە وڵاتەکەى وادەى تاقیکردنەوەکانى کورتکردووەتەوە، لەبەرئەوەى ئەو دەرمانە یابانییە کە لەبنەڕەتدا چارەسەرەکەى لەسەر پەرەپێدراوە لەساڵى 2014 تۆمارکراوە، بەقۆناغى گرنگى تاقیکردنەوەدا تێپەڕیوە پێش ئەوەى شارەزایانى روسیا گۆڕانکاری تێدا بکەن.    

 

"ئیمە پێمانوایە ئەمە بنەماکانى یارییەکە دەگۆڕێت. فشار لەسەر سیستەمى تەندروستى کەمدەکاتەوە و دەبێتە هۆى کەمبوونەوەى ژمارەى ئەوانەى دۆخیان خراپە. لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە بۆ دەستکردنەوە بە چالاکى ئابورى تەواوەتى لە ڕوسیا".