گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

فواد حسێن: فراوانکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو ئەرکی لەپێشینەمانە

2020.06.21 - 09:38
فواد حسێن: فراوانکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو ئەرکی لەپێشینەمانە

ناس کورد-

فواد حسێن، وەزیری دەرەوەى عێراق جەختیکردەوە کە کاری لەپێشینە و سیاسەتی دەرەوەى حکومەت فراوانکردنی پەیوەندییەکانیانە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو.

 

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نایف حەجرف، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی هەماهەنگی کەنداو، فواد حسێن دەڵێت، عێراق دەیەوێت لەگەڵ وڵاتان کەنداو و ئەنجومەنەدە تەواوی پەیوەندییەکانی فراوان بکات بە تایبەت لە بوارەکانی ئابوری و ئەمنی.

 

دەشڵێت، "سیاسەتی عێراقی لەسەر زمانی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن هەڵچنراوە لە پێناو بنیادنانی پەیوەندییەکی هاوسەنگ بۆ زیاتر خزمەتکردنی بەرژەوەندی هاوبەشی وڵاتان."

 

قسەکانی فواد حسێن لەکاتێکدایە، بەڕای زۆرێک لە شارەزایان و چاودێران، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزرانی عێراق دەیەوێت زیاتر لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و ئەمریکادا بکرێتەوە.

 

پێشتر کازمی جەختیکردەوە کە پەیوەندی عێراقی-سعودی کلیلی سەرەکییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

لە وتارێکدا کە چەند ساڵێک پێش ئێستا نوسیویەتی، کازمی دەڵێت، پەیوەندییەکانی عێراق و سعودیە هەڵبژاردە نییە بەڵکو پێویستییەکی ستراتیژییە بۆهەردوو وڵات و پێویستە کار بکرێت بۆ فراوانکردنی.