گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانایەکی ئیتاڵی: کۆرۆنا لە پڵنگێکی دڕندەوە گۆڕاوە بۆ پشیلەیەک

2020.06.20 - 23:17
زانایەکی ئیتاڵی:  کۆرۆنا لە پڵنگێکی دڕندەوە گۆڕاوە بۆ پشیلەیەک

ناس کورد-

زانایەکی پسپۆڕ لە نەخۆشییە گوازراوەکان دەڵێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا بەراورد بەسەرەتای سەرهەڵدانی، لە ئێستادا هێز و توانا خۆی لەدەستداوە، پێشینی ئەوەشدەکات هەر لەخۆیەوە لەناوبچێت، هاوکات زانایەکی بەریتانیش ڕەتیدەکاتەوە ڤایرۆسەکە بەمزوانە لەکۆڵی مرۆڤایەتی ببێتەوە.

 

ماسیۆ پاسیتی، زانای پسپۆڕی نەخۆشییەگوازراوەکان لەزانکۆی (جەنەوەی) ئیتاڵی، بە ڕۆژنامەی "تەلەگراف"ی بەریتانی ڕاگەیاندووە: " پاش لاوازبوونی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەراورد بە ڕابردوو، پێشبینی دەکەم ڤایرۆسەکە هەر لەخۆیەوە بەشێوەیەکی خۆڕسک لە ناو بچێت".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: "بەراورد بەچەند مانگێک لەمەوبەر تونا و هێزی ڤایرۆسەکە لە بڵاوبوونەوە و توشبوونی خەڵک لە جیهاندا کەمبووەتەوە، لە ئێستادا شێوەی لە پڵنگێکی دڕندەوە گۆڕاوە بۆ پشیلەیەکی دەشتەکی".

 

پسپۆڕە ئیتاڵییەکە، ئەوەی ڕوونکردوەتەوە: "لە مانگی ئادارو نیسانی ڕابردوودا ڤایرۆسەکە تەنگی بە توشبووان هەڵچنیبووە، زۆربەیان بەهۆی هەناسەسواری و پەککەوتنی ئەندامەکانی دیکەی جەستەیان لە ژوورەکانی چاودێری چڕدا دەمردن، بەڵام لەئێستادا زۆربەیان لە نەخۆشییەکە چاکدەبنەوە".  

 

پاسیتی باسیلەوەشکردووە: " ئەو بەساڵاچوانەی کە تەمەنیان لە نێوان 80 بۆ 90 ساڵیدا بوو، لە سەرەتای دەرکەوتنی نەخۆشییەکە لە ماوەی دوو بۆ سێ ڕۆژدا دەمردن، بەڵام لە ئێستادا بەبێ ئامێری هەناسەدانی دەستکرد لە ژورە ئاساییەکانی نەخۆشخانەکاندا چارەسەردەکرێن و کێشەی هەناسە سواریان نییە".

 

جەختیلەوەشکردوەتەوە: "دابەزینی ژمارەی توشبووان بە پەتاکە  لە ئێستادا ئەوە دەگەیەنێت کە ڤایرۆسەکە پێویستی بە پێکوتە نییە، بەڵکو لە خۆیەوە لە ناودەچێت".

 

دەشڵێت: "بۆچووەنەکانم لە سەر بنەمای ئەنجامی شیکردنەوەی تاقیگەیی بنیاد نەناوە، بەڵکو بۆچوونەکانم هەڵقوڵاوی ئەزموونی ڕۆژانەیە لەگەڵ توشبووانی نەخۆشییەکە و  ئەو پزیشکانەی کە سەرپەرشتی توشبووانی پەتاکە دەکەن".

 

هاوکات زانایەکی بەریتانی پسپۆڕ لە زانستی ڤایرۆسەکان بۆچوونەکانی پاسیتی ڕەتکدەکاتەوە و پێیوایە، ڤایرۆسەکە بەهیچ شێوەیەک بەبێ چارەسەر و بوونی پێکوتە لە خۆیەوە بە شێوەیەکی خۆڕسک لە ناو ناچێت و پێشبینیش دەکات، ساڵانێکی زۆر بەردەوام بێت.

 

بەهارات پانخانیا، زانای پسپۆر لە زانستی ڤایرۆسەکان لە زانکۆی "ئەکسترا"ی بەریتانی لەو باریەوە دەڵێت: " پێناچێت ڤایرۆسی کۆرۆنا بەمزوانە و بەخێرایی لە ناوبچێت، چونکە ڤایرۆسەکە زۆر بەشێوەیەکی خێرا خۆی دەگوازێتەوە، بۆیە ئەگەری هەیە چەند ساڵێک بەردەوامبێت".

 

ئەوەشی ڕوونکردوەتەوە: "ڤایرۆسەکە ئەو کاتە نامێنێت کە کەس توش نەکات، هەرکات توانیمان پێکوتەیەکی سەرکەوتوو بۆ ئەو نەخۆشییە بدۆزینەوە هاوشێوەی نەخۆشی (ئاوڵە) ئەو کات دەتوانین بەڵێن پەتاکە نەماوە".

 

لەئێستادا ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان گەیشتوەتە زیاتر لە هەشت ملیۆن 800 هەزار كەس و ژمارەی مردوانی پەتاكەش بۆ زیاتر 460 هەزار کەس بەرزبوەتەوە.