گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

رێکخراوی CDO پەیامێکی لەسەر دۆخی ژیانی پەنابەران لەسەردەمی کۆرۆنادا بڵاوکردەوە

2020.06.20 - 22:20
رێکخراوی CDO پەیامێکی لەسەر دۆخی ژیانی پەنابەران لەسەردەمی کۆرۆنادا بڵاوکردەوە

ناس کورد-

بەبۆنەی ڕۆکی جیهانی پەنابەرانەوە ، ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت (CDO) پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لەئێستادا بۆ یەکەم جار لە مێژوی مرۆڤایەتیدا ژمارەی پەنابەران رێژەی ١%ی دانیشتوانی جیهان تێدەپەرێنێت و ڤایرۆسی کۆرۆناش کاریگەری قورسی لەسەر ژیانیان دروستکردووە.

 

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی پەنابەرانەوە، رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت (CDO) پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "ئەمساڵ، یادی رۆژی جیهانی پەنابەران لە کاتیکدا دەکەینەوە کە بۆ یەکەم جار لە مێژوی مرۆڤایەتیدا ژمارەی پەنابەران رێژەی ١% دانیشتوانی جیهان تێدەپەرێنێت و لە سەردەمانێکدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بەهەموو جیهاندا بلاوبۆتەوە و کاریگەریە نەرێنیەکانی  لەسەر ژیانی هەموان و قورستریش لەسەر ژیانی پانەباران، دروستکردوە".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: "نەتەوەیەکگرتوەکان وەک لایەنی سەرەکی بەرپرسیار لە پاراستن و دابینکردنی ژیان وگوزەرانی شایستە بۆ پەنابەران داواکراوە کە هەوڵەکانی زیاتر بکات بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە پیرۆزە، لەم سەردەمەدا کە پەنابەران لەبەردەم مەترسی توشبون بە کۆرۆنا و لەدەستدانی کارەکانیاندان ، ناکرێت نەتەوەیەکگرتوەکان خەمی یەکەمی پاراستنی ستافەکانی بێت لە کۆرۆنا لەرێگەی زیادکردنی رۆتیناتی کارکردن، تێکەڵنەبون لەگەڵ پەنابەران و تێگەیشتین لە قولبونەوەی کێشەکانیان بەهۆی بلاوبونەوەی ئەم پەتایە".

 

ئەو ڕێکخراوە مەدەنییە ئەوەشی خستووەتەڕوو، پەنابەران رۆژانە روبەروی ئاستەنگی زیاتر دەبنەوە، مۆڵەتی مانەوەیان بەهۆی کەرەنتین و کارنەکردنی ستافی نەتەوەیەکگرتوەکان نوێناکرێتەوە ئەمەش دەیانخاتە بەر مەترسی لەدەستدانی کارەکانیان بەهۆی نەبونی مۆلەتێ مانەوە ، زانیاری پێوستیان نیە لەسەر چونیەتی کارکردنی ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان لەسەردەمی کۆرۆنادا ، هیچ ئالیەتێکی رون نیە بۆ چۆنیەتی پەیوەندیکردن ئەمەش سەرلێشێوانێکی گەورەی بۆ پەنابەران دروستکردوە، جیاوازی لە نێوان پەنابەرانی هەلهاتوو لە ولاتی سوریا لەگەڵ پەنابەرانی هەلهاتوو لە ئێران و تورکیا بەردەوامی هەیە و هەموشیان بێبەشن لە دابینکردنی ژیانێک کە شایستەی پەنابەران بێت.

 

رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت ئاماژەی بەوەشکردووە: "وەک دەزانرێت زیاتر ٨٠% ی پانەبەران لە هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین ، ئەم رێژە زۆرەی پەنابەرانی دەرەوەی کەمپ لە زۆربەی خزمەتگوزاریەکانی ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان بێبەشن و تا ئەمرۆش زۆربەیان تەنانەت ناوی ئاو ئاژانسانەش نازانن چ جای کارو خزمەتگوزاریەکانیان".

 

لە کۆتایی پەیامەکەدا ئەوە هاتووە: "رێکخراوی CDO  لەم رۆژەدا سوپاسی هەموو ئەو سەرمایەدار، خۆبەخش و رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیانە دەکات کە لەماوەی (٤) مانگی بلاوبونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان رۆڵی سەرەکیان بینی لە بەهاناوەچونی خەلکی کەمدەرامەتی پەنابەران ، ئاوارەکان و خەلکی خانەخوێ بێجیاوازی وە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەکات کە داوای رونکردنەوە لە ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان بکات لەسەر سستی کار و خزمەتگوزارییەکانیان لەماوەی ناوبراودا".