گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەکرێت دەرمانەکە لێرەش دروست بکرێتەوە

تەندروستیی هەرێم وادەی گەیشتنی چارەسەرە ڕوسییەکەی کۆرۆنا ئاشکرادەکات

2020.06.20 - 20:52
تەندروستیی هەرێم وادەی گەیشتنی چارەسەرە ڕوسییەکەی کۆرۆنا ئاشکرادەکات

ناس کورد-

بڕیارە لەم هەفتەیەدا ئەو دەرمانەی ڕوسیا بەرهەمیهێناوە بۆ چارسەری کۆرۆنا بگاتە عێراق و پشکی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە، تەندروستیی هەرێمیش دەڵێت، هەوڵدەدەن بڕی پێویست لە دەرمانەکە دابین بکەن و دەشکرێت دەرمانەکە لە عێراق و هەرێمیش دروست بکرێت.

 

محەمەد قادر خۆشناو، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەو دەرمانەی کە ڕوسیا وەک چارەسەری کۆرۆنا بەرهەمیهێناوە، بڕیارە لەم هەفتەیەدا بگاتە عێراق و بەگوێرەی ژمارەی توشبووان پشکی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە و ئەگەر لەم هەفتەیەدا بگاتە عێراق و بڕیار لەسەر بەکارهێنانی بدرێت، ئەوا لە هەفتەی داهاتوو لە هەرێمی کوردستانیش بەردەست دەبێت".

 

وتیشی، لە حاڵەتی کەمبوونی دەرمانەکەدا، حکومەتی هەرێمیش دەتوانێت دەرمانەکە بکڕێت، یاخود کۆمپانیاکانی دەرمان بیکڕن، یاخود هەر دەزگایەکی خێرخوازی بیەوێت بیهێنێت، بەڵام پێویستە لەژێر چاودێری وەزارەتی تەندروستیی بێت و بە کوالێتی کۆنتڕۆڵی دەرماندا تێپەڕێت.

 

سەبارەت بە هێنانی دەرمانەکە لەلایەن کۆمپانیاکانی دەرمان و فرۆشتنی لە بازاڕدا، خۆشناو ئاماژەی بەوەکرد، ئەو دەرمانە دەرمانێکی هێندە سادە نییە بهێنرێت و لە بازاڕدا بفرۆشرێت و بەکاربهێنرێت، بەڵکو پێویستە سەرەتا تاقیبکرێتەوە بزانن کاریگەرییەکانی دەرمانەکە چییە و چۆنە، ئەگەر بشهێنرێت نرخی زۆر گران دەبێت.

 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم باسی لەوەشکرد، لە حاڵەتی کەمبوونی دەرمانەکەدا، ئەگەر کۆمپانیای سەرەکی دروستکردنی دەرمانەکە رەزامەند بێت و کۆمپانیا دەرمانییەکانی ئێرەش ئەو کواڵێتییەیان هەبێت، دەکرێت لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەرمانەکە دروست بکرێتەوە و بەکاربهنێرێت.