گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتی تەندروستیی هیچ حاڵەتێکی تۆمارکردووە؟

ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم: فرۆشتنی پلازمای خوێن حەرامە.. ئەی لەڕووی یاساییەوە؟

2020.06.20 - 19:02
ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم: فرۆشتنی پلازمای خوێن حەرامە.. ئەی لەڕووی یاساییەوە؟

ناس کورد - شەهرام عەزیز

دۆخەکە لە هەرێمی کوردستان مقۆمقۆی فرۆشتنی پلازمای خوێنیشی تێکەوت، ئێستا ئەو پلازمایە بووەتە مادەیەکی ئاڵتوونی و کەسوکاری توشبووانی کۆرۆنا، ئەوانەى دۆخی تەندروستییان جێگیر نییە، وێڵن بەدوایدا تاوەکو وەک چارەسەر بەکاری بهێنن.

 

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم ڕایگەیاند، فرۆشتنی پلازمای خوێن حەرام و ڕێگەپێنەدراوە، وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت، بە ئاسانی ناتوانرێت ڕێگری لەو کارە بکرێت و ئەوان نازانن ئەو کەسەی دەیبەخشێت دواتر پارە وەردەگرێت یاخود نا.

 

ماوەی چەند ڕۆژێکە دەنگۆی فرۆشتنی پلازمای خوێنی چاکبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە و دوێنێش لیژنەی ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، هەر بازرگانیکردنێک بە پلازمای خوێنەوە بە "تاوان ئەژمار دەکرێت و قەدەغەیە".

 

فرۆشتنی پلازمای خوێن لەڕووی شەرعەوە

 لەوبارەیەوە، د. حەسەن موفتی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لە شەرعدا ئەو کارە وەک فرۆشتنی هەر ئەندامێکی دیکەی جەستەیە و حەرام و ڕێگەپێنەدراوە و مسوڵمان نابێت بیکات".

 

زیاتر بخوێنەوە: توشبووانى کۆرۆنا لە سلێمانى وێڵن بەدواى کەسانى چاکبوەوە لە ڤایرۆسەکەدا

 

وتیشی: "لە بەرامبەردا ئەو کەسەشی کە پلازماکە دەبەخشێت، دەبێت بە ڕەزامەندی خۆی بێت، نەک بەزۆر و هەروەها پشکنینی پزیشکی بۆ بکرێت کە توشی گرفتی تەندروستیی نابێت".

 

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، بەخشینی ئەو پلازمایە بەبێ بەرامبەر و بۆ ڕزگارکردنی ژیانی کەسێک پاداشتێکی گەورەی هەیە و وەک لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە: "ئەوەی کەسێک بژیەنێتەوە، وەک ئەوەیە هەموو مرۆڤایەتی ژیاندبێتەوە".

 

"فرۆشتنی پلازمای خوێن لەڕووی تەندروستییەوە"

 خاڵس قادر، سەرۆکی دیوانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم پێیوایە، ئەو کارە لە هەرێمی کوردستان بەوشێوەیە نییە کە باس دەکرێت، ئەو بە ناس کوردی وت: "تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی لەوشێوەیە لە وەزارەت تۆمارنەکراوە و ئاگادار نین ئەگر کرابێت".

 

وتیشی: "ئەو کارە وەک فرۆشتنی خوێن وایە، نەوەک وەک فرۆشتنی ئەندامانی جەستە، بەڵام فرۆشتنی خوێنیش ڕێگەپێنەدراوە و تەنها بە بەخشین دەکرێت وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆڤایەتی، نەوەک بەرامبەر بە پارە".

 

سەرۆکی دیوانی وەزارتی تەندروستی ئاماژەی بەوەشکرد: "پێویستە زیاتر لەرووی مرۆڤایەتی و شەرعییەوە هاوڵاتیان هۆشیاربکرێنەوە کە ئەو کارە نەکەن، چونکە ئاشکراکردنی ئەو کارە ئەگەر هەشبێت ئاسان  نییە، چونکە کاتێک کەسێک پلازما دەبەخشێتە کەسێکی دیکە، ئێمە نازانین کە دواتر و لە پشتی ئێمەوە پارە وەردەگرێت، یاخود نا، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ڕێگریکردن لەو کارە".

 

 لەئێستادا بەشێک لە توشبووانی کۆرۆنا لە سلێمانی تەندروستییان ناجێگیرە و پێویستیان بە پلازمای خوێنی چاکبووەکانە، بەرپرسانی تەندروستیی سلێمانی تکا لەو کەسانە دەکەن کە بچن بەدەم داواکارییەکەیانەوە و دڵنیایی دەدەن لەوەی بە بەخشینی پلازمای خوێنیان توشی هیچ گرفتێکی تەندروستی نابن.

زیاتر بخوێنەوە: خەڵاتی ئەو کەسانە دەکرێت کە پلازمای خوێن دەبەخشنە توشبووانی کۆرۆنا

 

لەڕووی یاساییەوە

 بەپێی مادەی (17)ی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (2018) له هەرێمی كوردستان_عێراق، هەركەسێك بازرگانی بكات بە کڕین یا فرۆشتن بە ئەندامێکی جەستەی خۆی یان کەسێکی تر، سزاکەی بریتیە لە بەندكردن بۆ ماوەی (7)ساڵ زیاتر نەبێت، یان سزای مادیی (10 تا 20)ملیۆن دینار.

 

لەتیف شێخ مستەفا، شارەزای یاسای و دەستوری بە ناس کوردی وت: "لەڕووی یاساییەوە فرۆشتنی ئەو پلازمایە ناچێتە خانەی فرۆشتنی ئەندامانی جەستەوە، چونکە وەک خوێن وایە و دروست دەبێتەوە".

 

وتیشی: "لەڕووی ئەخلاقی و مرۆڤایەتییەوە کارێکی زۆر نائەخلاقییە و دەبێت بە دەرکردنی ڕێنمایی ڕێگری لەو کارە بکرێت و هەرکەسێک کارەکەی کرد بە لادان لە ڕێنماییکان سزا بدرێت".