گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

كارمەندێكى توشبووى تاقيگە: من هۆكارى مردنى دايك و باوكم بووم

عێراق؛ نەخۆشخانەکان بوونەتە سەرچاوەیەکی سەرەکی بڵاوبونەوەى ڤایرۆسی كۆرۆنا

2020.06.20 - 18:14
عێراق؛ نەخۆشخانەکان بوونەتە سەرچاوەیەکی سەرەکی بڵاوبونەوەى ڤایرۆسی كۆرۆنا

ناس کورد-

پزيشكان و كارمەندانى تەندروستى عێڕاق باس لەوەدەكەن كە نەخۆشخانەكان بوونەتە ناوەندى بڵاوبونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا، سەرەڕاى توشبوونی دەيان پزيشك و كارمەند بەڵام هەر لەسەر كار بەردەوامن.

 

ڕۆژنامەى "واشنتۆن پۆست"ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێكدا بڵاويكردووەتەوە، لە هێڵەكانى پێشوەى شەڕى پەتاى كۆرۆنا پزيشكان و كارمەندانى تەندروستى لە پەيوەندى ڕاستەوخۆدان لەگەڵ سەدان توشبوى ڤايرۆسەكە و شەپۆلى زيادبونى توشبوان هەڕەشەى لەسەر سيستمى تەندروستى لە عێڕاقدا دروست كردوە.

 

ئەوەش هاتووە، يەكێك لە كارمەندانى نەخۆشخانەيەكى عێراق دەڵێت كە ئەو پزيشك و كارمەندانەى نيشانەكانى توشبونيان تێدا دەردەكەوێت پشكنينيان بۆ دەكرێت و دواتر داوايان لێ دەكرێت كە بگەڕێنەوە سەر كارەكانيان تا ئەنجامەكەى دەردەچێت ئەوەش هەفتەيەكى پێ دەچێت.

 

ڕۆژنامەكە باسى لەوەشكردوە، كارمەندانى نەخۆشخانەكان لە بەردەوامى كاركردنى ئەو هاوڕێيانەيان دەترسن كە گومانى توشبوون بە كۆرۆنايان لێ دەكرێت چونكە سەرجەم كارمەند و سەردانيكەرانى نەخۆشخانەكە ڕوبەڕوى مەترسى توشبون دەكەن، تەنانەت ئەو كارمەندانەشى كە لە تاقيگەكەدا ئيش دەكەن ڤايرۆسەكە لەناوياندا بڵاوبوەتەوە.

 

عەبدولئەمير موحسين سەرۆكى سەنديكاى پزيشكانى عێراقى دەڵێت، ئامانجى نەخۆشخانەكان چارەسەركردنى نەخۆشە، بەڵام لەبرى ئەوە بونەتە لانكەى بڵاوبونەوەى پەتاى كۆرۆنا.

 

بەپێى زانياريەكان، ژمارەى ئەو پزيشك و كارمەندانەى كە توشبونيان بە ڤايرۆسەكە ڕاگەيەنراوە تا ناوەڕاستى هەفتەى ڕابردوو گەيشتوەتە 592 كەس ئەوەش لەسەرەتاى بڵاوبونەوەى ڤايرۆسەكەوە، بەڵام سەنديكاى پزيشكان پێى وايە كە ژمارەكە لەوە زياترە.

 

پزيشكێك بەناوى ياسر كە لە نەخۆشخانەى شارى سەدر لە بەغدا كار دەكات بە واشنتۆن پۆستى وتوە، ئەو لەوانە بووە كە لە سەرەتادا توشى ڤايرۆسەكە بوە بەڵام هەرزوو پشكنينى بۆ كراوە و پشووى لە كارەكەى وەرگرتوە، بەڵام ئێستا بارودۆخەكە هەمووى بەشێوەيەكى هەڵە بەڕێوە دەچێت و هاوڕێ پزيشكەكانى كە پشكنينيان بۆ دەكرێت ماوەى 10 ڕۆژ چاوەڕێ دەكەن تا ئەنجامەكەى بزانن، ئەوەشە سەرەڕاى ئەوەى كە دڵنيان لە توشبوونيان.

 

ئەو پزيشكە پێشى وايە، ئيدارەكان گرنگى بە سەلامەتيان نادەن و تەنها گرنگى بەوە دەدەن كە كار بكەن، هەروەها داواشى كردوە كە پاشگرى ناوەكەى نەهێنرێت چونكە لەوە دەترسێت بەهۆى قسەكانيەوە دەسەڵاتدارانى نەخۆشخانەكە تۆڵەى لێ بكەنەوە.

 

پزيشكان و بەرپرسانى تەندروستى دەڵێن، خراپى ژێرخانى پزيشكى و كەمى پێداويستى خۆپاراستن و باوەڕنەبونى خەڵك بە پەتاكە هۆكارن بۆ زيادبونى ژمارەى توشبوان لەسەرتاسەرى عێراقدا.

 

پزيشكێكى تر كە ناوى بە ئيبراهيم هاتوە و ڕەتيكردوەتەوە ناوى تەواوى بدات دەڵێت، لە نەخۆشخانەى حوسەينيە لە بەغدا كار دەكات و بە چەكى بێ كەڵك شەڕى دژى پەتاكە دەكەن، هەموو تەمەنى هيواى ئەوەى هەبووە كە ببێتە پزيشك بەڵام ئێستا پەشيمانە.

 

ئيبراهيم باس لەوەدەكات، هاوڕێكانى دەبينێت كە توشى پەتاكە دەبن و زانيارى لەسەر 80 كەس هەيە كە توشبوون، كوڕى مامەكەى كە لە پارێزگاى ديالە پزيشكە لەمانگى سێى ئەمساڵدا گيانى لەدەستدا بە ڤايرۆسەكە و توشى نەهامەتى بوو لەپێناو ئەوەى ئۆتۆمبێلێكى فرياكەوتن بيباتە نەخۆشخانە بۆ چارەسەر.

 

پەيامنێرى واشنتۆن پۆست ئەوەى ئاشكرا كردوە، سەردانى نەخۆشخانەى سەرەكى بەغداى كردوە و بينيويەتى دەيان كەس لە سەرەدان بۆ پشكنين و زۆرێك لەوانەيە زۆر بە بەهێزى دەكۆكين و هەيانبوو لە توندى كۆكەكەى خۆى چەماندبوەوە، پاسەوانى بەردەم دەرگاكە پێى وتوە لێرەدا بوەستە و زۆر هەناسەش مەدە چونكە ڤايرۆسى كۆرۆنا لە هەموو شوێنێكە.

 

ڕۆژنامەكە چيرۆكێكى دڵهەژێن دەگێڕێتەوە و تێيدا هاتوە، زينە ڕەبيعى كە لە تاقيكەيەك لە بەغدا كاردەكات و پشكنينى ڤايرۆسى كۆرۆنا دەكات دەڵێت " ڕۆژى 28ى ئايار لەماڵەوە خەبەرى بوەتەوە و هەستى كردوە كە پەلەكانى زۆر قورس بوون و تواناى جوڵەى نييە، هەروەها دايكيشى لە ژورەكەى تەنيشتى كەوتووە و تاى بەرزبوەتەوە، دواى چەند ڕۆژێك پشكنينەكان دەريانخست كە توشبووى كۆرۆنان و لە تاقيگەش توشبوە.

 

زينە دەشڵێت "بارودۆخم زۆر خراپ بوو وە ئازارم زۆر بوو لەوە دەترسام كە ژيانم لەدەست بدەم، دايكم نەهاتە نەخۆشخانە و وتى باوكت پزيشكە و ئاگاى لێم دەبێت، بەڵام دواى چەند ڕۆژێك باوكم بە گريانەوە تەلەفۆنى كردوو وتى دايكت بەهۆى هەناسە تونديەوە كۆچى دوايى كرد، چەندين ڕۆژ لەسەر سەرينى نەخۆشخانەكەم هەستم بە تاوانێكى گەورە دەكرد.

 

زينە لە ئەكاونتى خۆى ڕوداوەكەى بڵاوكردبوەوە و نوسيوبووى "من هۆكارى ئەوە بووم" هەروەها دواى چەند ڕۆژێكيش باوكيشى گيان لەدەست دەدات.