ناس کورد-
پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، نیگەرانن لەبارەى گرژی و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا و ئێران بەڵام چەندینجار ئەو دوو وڵاتە وتوویانە "هیچ جۆرە دژایەتییەکیان لەگەڵ هەرێم نییە و هۆکاری بۆردومانەکانیش بوونی هێزە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانە لەناو خاکی هەرێم."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ شەممە، 20ی حوزەیرانی 2020، پارتی لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، "زۆر نیگەرانین بەرانبەر گرژی و پەرەسەندن و ئۆپەراسیۆنی سەربازی و تۆپباران و بوردومانەكانی توركیا و ئێران بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان، كە بووەتە هۆی دڵەڕاوكێی هاووڵاتیانی سڤیل و ناسەقامگیری لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان. "
دەشڵێت، "ئەم بابەتە تازە نییە و لە ساڵانی ڕابردوویش دووبارە بووەتەوە. هەموو جار و ئەم جارەیش قسەمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئەم دوو وڵاتە كردووە و نیگەرانییەكانمان پێ ڕاگەیاندوون. ئەوان جەختیان لەوە كردووەتەوە كە هیچ جۆرە دژایەتیێكیان بەرانبەر هەرێم نییە و هۆكاری بوردومانەكان بوونی هێزە چەكدارە ئۆپۆزیسیۆنە كوردییەكانە كە لەناو خاكی هەرێم، كردەی سەربازی دژی ئێران و توركیا ئەنجام دەدەن."
ئاماژەى بەوەشکردووە، "ئێستا پەكەكە نزیكەی پێنجسەد گوندی هەرێمی كوردستانی لەبەردەستە و ئێمە چاوپۆشیمان لێ كردووە بەڵام ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت بەهۆی بوردومانەكان زیانی گەورەتر بە هەرێم دەكەوێت و شوێنەكانی تری هەرێمیش دەكەونە ژێر مەترسی."
لە کۆتاییدا دەڵێت، "پێویستە گشت لایەكیش لەوە تێ بگات كە خەبات و حوكمڕانی بە موزایەدات و سیاسەتی نابەرپرسانە ناكرێت. بۆیە پێشتر گوتومانە و ئێستایش دەیڵێینەوە كە ئێمە لەگەڵ خەباتی سیاسی و ڕێكاری ئاشتیانەین بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد لە پارچەكانی تر و ئەگەر پەكەكە و لایەنە چەكدارەكانی تر ناتوانن پابەندی بڕیار و حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان بن با شەڕ و چاڵاكییەكانیان بگوازنەوە بۆ مەیدانی ڕاستەقینەی خۆیان و چیتر نەبنە مایەی هەڕەشە و ماڵوێرانی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان."