گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

رێوشوێنەکان توند کرانەوە

16 بڕیارى نوێ لە لیژنەى روبەڕووبونەوەى کۆرۆناوە لە سلێمانى

2020.06.20 - 12:09
16 بڕیارى نوێ لە لیژنەى روبەڕووبونەوەى کۆرۆناوە لە سلێمانى

ناس کورد-

لیژنەى ئۆپراسیۆنى پارێزگاى سلێمانى بۆ بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا، 16 بڕیارى نوێى دەرکرد بۆ توندکردنەوەى رێوشوێنەکان بە ئامانجى سنوردارکردنى تەشەنەسەندنى ڤایرۆسەکە کە ماوەیەکە بەخێرایی رووى لە بڵاوبوونەوە کردووەتەوە.

لیژنەکە بڕیاریداوە بە ڕاگرتنی دەوامی فەرمیی دامودەزگا حکومییەکان، جگە لە هێزەکانی ناوخۆو کەرتی تەندروستی و، خزمەتگوزاریی فەرمانگا خزمەتگوزارییەکان بەپێی سروشتی ئەرک و ئێشکگریی خۆیان، لە ڕۆژی یەکشەممە (٢١/ ٦/ ٢٠٢٠)وە بۆ ڕۆژی (٢٧/ ٦/ ٢٠٢٠)، ڕۆژی یەکشەممە (٢٨/ ٦/ ٢٠٢٠) دەوامی فەرمیی دەستپێدەکاتەوە.

 

هەروەها لە ڕۆژی (٢١/ ٦/ ٢٠٢٠)وە هەموو مزگەوت و پەرستگاو شوێنە ئاینییەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا دادەخرێن. گواستنەوەی گشتیی (پاس و مینی پاس) لە ڕۆژی (٢١/ ٦/ ٢٠٢٠) بۆ (٢٨/ ٦/ ٢٠٢٠) لە سنوری قەزای مەڵبەندی سلێمانیدا، ڕادەگیرێت، هەر شۆفێرێک سەرپێچی بکات دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت.

 

هەربەپێی بڕیارەکان، هەر جۆرە مامەڵەیەک بە پلازماى خوێنەوە بە تاوان هەژمار دەکرێت.

 

دەقى بڕیارەکان: 

١-دواکەوتنی موچە کاریگەریی زۆر خراپ و نەرێنی لەسەر ڕەوشی تەندروستیی و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی دروستکردووە، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بەخێرایی موچەی موچەخۆران بەتایبەتی موچەی کەرتی تەندروستیی و هێزەکانی ناوخۆ دابەش بکات.


٢-هاتووچۆ لەنێوان پارێزگای سلێمانی و پارێزگاکانی تردا لەناو هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمی کوردستاندا بە پشتبەستن بە بەیانی وەزارەتی ناوخۆ تا (١/ ٧/ ٢٠٢٠) بە داخراویی دەمێنێتەوەو ڕێگە بە هیچ کەسێک نادرێت هاتووچۆ بکات، جگە لەو حاڵەتانە نەبێت کە لە بەیانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا دیاریکراون.


٣-ڕاگرتنی دەوامی فەرمیی دامودەزگا حکومییەکان، جگە لە هێزەکانی ناوخۆو کەرتی تەندروستی و، خزمەتگوزاریی فەرمانگا خزمەتگوزارییەکان بەپێی سروشتی ئەرک و ئێشکگریی خۆیان، لە ڕۆژی یەکشەممە (٢١/ ٦/ ٢٠٢٠)وە بۆ ڕۆژی (٢٧/ ٦/ ٢٠٢٠)، ڕۆژی یەکشەممە (٢٨/ ٦/ ٢٠٢٠) دەوامی فەرمیی دەستپێدەکاتەوە.


٤-لە ڕۆژی (٢١/ ٦/ ٢٠٢٠)وە هەموو مزگەوت و پەرستگاو شوێنە ئاینییەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا دادەخرێن.


٥-لە ڕۆژی (٢١/ ٦/ ٢٠٢٠)وە تا ڕۆژی (١/ ٧/ ٢٠٢٠) هەموو نۆرینگە ئەهلیەکانی پزیشکی ددان دادەخرێن و لەکاتی زۆر پێویستدا هاووڵاتیان دەتوانن سەردانی سەنتەرە ڕاوێژکارییەکانی پیرەمێردو شۆڕش تایبەت بە ددان بکەن. هەر کلینیکێکی پزیشکیی و تاقیگەو نەخۆشخانەیەکی ئەهلی پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان نەبێت، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانییەوە بۆماوەی هەفتەیەک دادەخرێت.


٦-لە ڕۆژی (٢١/ ٦/ ٢٠٢٠)وە تا ڕۆژی (١/ ٧/ ٢٠٢٠) لە سنوری قەزای مەڵبەندی سلێمانیدا، چێشتخانەکان تەنها بە دلیڤەری دەتوانن کاربکەن و چایخانەو قاوەخانەو ساردەمەنیەکانیش بەبێ شوێنی دانیشتن دەتوانن بەردەوام بن.


٧-لە ڕۆژی (٢١/ ٦/ ٢٠٢٠)وە نێرگەلەخانەو هەر کافتریایەک کە نێرگەلە پێشکەش بکات، مەلەوانگە، لایڤ میوزیک، جیمەکان، یانە شەوانەکان، مەیخانەکان، شوێنەکانی کاتبەسەربردن و سەرگەرمکردن، هۆڵی بۆنەو کۆڕو کۆبوونەوەکان، دادەخرێن.


٨-پرسەو پرسەی گەڕەکەکان و سەرقەبران و سەردانی نەخۆش و هەموو کۆبوونەوەیەکی خۆشیی و ناخۆشیی و ئاهەنگگێڕانێک قەدەغەن.


٩-گواستنەوەی گشتیی (پاس و مینی پاس) لە ڕۆژی (٢١/ ٦/ ٢٠٢٠) بۆ (٢٨/ ٦/ ٢٠٢٠) لە سنوری قەزای مەڵبەندی سلێمانیدا، ڕادەگیرێت، هەر شۆفێرێک سەرپێچی بکات دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت.


١٠-هەر شۆفێرێکی (تەکسی) پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان نەبێت، بۆماوەی هەفتەیەک دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت.


١١-لە هەر شوێنێک، ڕێنماییە تەندروستیی و خۆپارێزییەکان جێبەجێ نەکرێت، بۆماوەی هەفتەیەک دادەخرێت.


١٢-هەر کۆمپانیاو دامەزراوەو مۆڵ و شوێنێکی کەرتی تایبەت پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان نەبێت، بۆماوەی هەفتەیەک دادەخرێت.


١٣-هەر بازرگانیکردنێک بە خوێن و پلازمای خوێنەوە بە تاوان ئەژمار دەکرێت و قەدەغەیە، لەهەمان کاتدا داوا لەو بەڕێزانە دەکەین کە لەم پەتایە چاکبوونەتەوەو توانای بەخشینی خوێنیان هەیە، وەک ئەرکێکی مرۆییانەی ویژدانیانەی ئەخلاقیانەی نیشتمانیانە، خوێن ببەخشنە ناوەندەکانی خوێن وەرگرتن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و ڕۆڵی مەردانەی خۆیان لە ژیاندنەوەی هاونیشتمانیەکانیاندا ببینن.


١٤-پێویستە هاووڵاتیان بەردەوام بن لەسەر خۆپارێزیی و خۆیان لە هەر بەریەککەوتن و تێکەڵاوبوون و کۆبوونەوەیەک بەدوور بگرن.


١٥-پێویستە لایەنە پەیوەندیدارە حکومییەکان لێپرسینەوەو ڕێکارەکان وردترو زیاترو خێراتر بکەن و هەر فەرمانگەو لیژنەیەک کەمتەرخەمیی بکات، ڕێکاری یاسایی و کارگێڕیی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.


١٦-دەسەڵاتی تەواو دەدرێت بە قائیمقامەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، کە بەپێی تایبەتمەندیی سنورە کارگێڕییەکانی خۆیان ڕێنمایی پێویست دەربکەن.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا