گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تورکیا ئەنجامى ئۆپراسیۆنە نوێیەکەى ڕاگەیاند

میدیاى پەکەکە: یەکینەکانى تۆڵە لە ئەستەنبوڵ و ئەدەنە چالاکیان ئەنجامدا

2020.06.20 - 11:54
میدیاى پەکەکە: یەکینەکانى تۆڵە لە ئەستەنبوڵ و ئەدەنە چالاکیان ئەنجامدا

ناس کورد-

 

یەکینەکانى تۆڵە لە ئەستەنبوڵ و ئەدەنە چالاکییان لەدژى تورکیا ئەنجامدا، ئەوەش بەپێی میدیاکانى سەر بە پەکەکە. تورکیاش ئەنجامى ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەى لەناو خاکى هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە.

 

بەپێی ئاژانسى فورات نیوزى سەر بە پەکەکە، یەکەکانى تۆڵەی شەهید هەلین موش، شەهید هەڵمەت و شەهید ئارین میرکان لە ئەدەنە و ئەستەنبوڵ چالاکییان ئەنجامدا.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، "یەکینەکان لە نۆى حوزەیران لە ناوچەکانی جەیهان و ساریچام لە ئەدەنە چالاکییان ئەنجامداوە، لە سیلیڤەریی ئەستەنبوڵ  بارهەڵگرێکى فاشیستەکانیان سوتاندووە و لە ئارناڤوتکۆیش سێ ئۆتۆمبێلیان سوتاندووە".

 

ڕاگەیاندنى ئەو چالاکییانە دواى نزیکەى هەفتەیەک دێت لە دەستپێکردنى ئۆپراسیۆنێکى سەربازى لەلایەن تورکیاوە بۆ سەر هەفتانین لەسنورى پارێزگاى دهۆک، بە پاساوى هێرشکردنە سەر پەکەکە.

 

وەزارەتى بەرگرى تورکیا ئەمڕۆ شەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لەسەرەتاى ئۆپراسیۆنەکەوە تا ئێستا زیاتر لە 700 ئامانجى پەکەکەیان بۆردومانکردووە.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، دەستیان بەسەر بڕێکى زۆر چەکدا گرتووە و 150 بۆمبى چێنراویان پوچەڵکردووەتەوە.

 

ئەوە لەکاتێکدایە، بەرپرسانى پەکەکە جەختدەکەنەوە کە هێزەکانیان بەرەنگارى سوپاى تورکیا بوونەتەوە و زیانى زۆریان پێگەیاندوون.

 

دیار دەنیز، بەرپرسی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (HPG)باڵی سەربازی پەکەکە ئێوارەی دوێنێ هەینی بە ناس کوردی ڕاگەیاندبوو، سوپای تورکیا لەهەفتانین تێک شکاوە، زیاتر لە 20سەربازیان کوژراون و ژمارەیەکشیان بریندار بوون، هاوکات دوو گەریلای ئێمەش لەشەڕەکەی هەفتەنین شەهید بوون".  

  

جەختیشیکردبووەوە "هەفتانین بێت یان خواکوڕک، بۆ گەریلا هیچ جیاوازیەکی نیە، تورکیا بەهەموو هێزیەوە ئۆپەڕاسیۆنی لە هەفتەنین دەستپێکردوە، بەڵام گەریلاکان شەڕ دەکەن و چۆک بۆ سوپای تورکیادا دانادەن".