کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- شۆڕش محەمەد
لەگەڵ ئەوەی ماوەیەكە گفتوگۆ و دانوستاندنەكانی لایەنە سیاسیەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان راوەستاوە، بەڵام ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان جەخت لەسەر دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان و زوو پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەكاتەوە.
.
هێمن شێخانی ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند "وەكو بزوتنەوەی گۆڕان نابینە كۆسپ و بەربەست بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان".
.
شێخانی رەتیكردەوە وەك ئەوەی لە هەندێك لە میدیاكانەوە باس دەكرێت گفتوگۆی لایەنە سیاسیەكان هەڵوەشابێتەوە و گەڕابێتەوە بۆ خاڵی سفر و ئاماژەی بەوە كرد كە رێككەوتنەكەی ئەوان و پارتی وەك خۆی ماوە و هیچ دەستكارییەكی نەكراوە.
.
بەرپرسەكەی گۆڕان روونیكردەوە كە لە ئەنجامی گفتوگۆكانی نێوان خۆیان گەیشتوونەتە دەرئەنجام و رێگەیەكی چارەسەر بۆ كێشەكان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان و رێگە چارەسەرەكەشی بۆ ناس كورد، خستە ڕوو.
.
"وەك بزوتنەوەی گۆڕان لەو بڕوایەداین ناكرێت یەكێتی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی و پۆستی وەزیری پێشمەرگەی لەلا بێت و ئەگەر یەكێتی هەر سوور بێت لەسەر داواكەی ئەوا دەبێت لەبەرامبەردا دەستبەرداری وەزارەتی پێشمەرگە بێت بۆ بزوتنەوەی گۆڕان" هێمن شێخانی وای وت.
.
ئەوە لەكاتێكدایە بەرپرسانی یەكێتی وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری سەربازی بە مافی خۆیان دەزانن و جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە لەگەڵ پارتی لەو بارەیەوە رێككەوتوون.
.
بەوتەی هێمن شێخانی، ئەگەر یەكێتی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری ئیداری بوێت ئەوا بزوتنەوەی گۆڕان بەلایەوە ئاساییە و لەبەرامبەردا داوای هیچ پۆستێكی دیكە ناكات.
.
ئەندامەكەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان گەشبینی خۆی نیشاندا بەوەی كە لە كۆتایی ئەم هەفتەیە یان لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان كۆتایی پێ بێت و كابینەكە پێكبهێنرێت.
.