گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەمڕۆ ژورى ئۆپراسیۆن کۆدەبێتەوە

ناس کورد پێشنیازى تەندروستى سلێمانى بۆ راگەیاندنى قەدەغەى هاتوچۆ ئاشکرادەکات

2020.06.20 - 11:03
App store icon Play store icon Play store icon
ناس کورد پێشنیازى تەندروستى سلێمانى بۆ راگەیاندنى قەدەغەى هاتوچۆ ئاشکرادەکات

ناس کورد-

 

لیژنەى رووبەرووبوونەوەى کۆرۆنا لە پارێزگاى سلێمانى ئەمڕۆ شەممە کۆدەبێتەوە، بۆ تاوتوێکردنى دەرکردنى چەند بڕیارێکى نوێ، بەهۆى هەڵکشانى ئامارى تووشبووان و گیان لە دەستدان لە پارێزگاکە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کۆبوونەوەکە لەسەر داواى بەرێوەبەرایەتى تەندروستی سلێمانى ئەنجام دەدرێت چەند پێشنیازێک دەخرێتە روو، بەپێى ئەو زانیاریانەى دەست ناس کورد کەوتووە یەکێک لەو پێشنیازانە  قەدەغەى هاتۆچۆیە لە شەشی ئێوارەوە بۆ شەشی بەیانى.

 

عەبدوڵا ئەحمەد جێگرى بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانى بە ناس کوردى راگەیاند "لەگەڵ قەدەغەی هاتوچۆداین لە شەشی ئێوارە بۆ شەشی بەیانى لەپێناو کەمکردنەوەى بەریەکەوتنى ئەو گەنجانەى شەوان دەچنە شوێنە قەرەباڵغەکان و ڤایرۆسەکە بۆ ماڵەوە دەگوازنەوە". 

 

وتیشی "ئێمە خەمى دایک و باوکى ئەوانین چونکە گەنجەکان کاریگەری قورسیان لەسەر دەرناکەوێت بەڵام کەس و کاریان بەهۆى زۆر تەمەنەوە ئەگەر هەیە بارى تەندروستیان ناجێگیر بێت، بۆیە لەگەڵ ئەوەداین قەدەغەى هاتوچۆ لە دواى شەشی ئێوارەوە دابنرێتەوە و رێگە بە کارکردنى کافتریا و شوێنە قەرەباڵغەکان نەدرێت".

 

عەبدوڵا ئەحمەد ئاماژەى بەوەشدا لەئێستادا ژمارەى تووشبوان و مردن روو لە هەڵکشانە بەیانی ئەمڕ دوو کەسی تر کۆچی دواییان کردووە.

 

سەبارەت بە پێشنیارکردنى لایەنى تەندروستی بۆ داخستنى دوکان و شوێنە گشتیەکان جێگرى بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانى باسى لەوەکرد، بەهۆى رەچاوکردنى بژێوى ژیانی هاوڵاتیانەوە ناتوانرێت دووکانەکان دابخرێت بەڵام پێویستە هەموو هەولێک بدرێت پابەند بکرێن بە مەرجە تەندروستیەکانەوە   



بەپێى ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستی حکومەتى هەرێم تەنها دوێنێ هەینی لە پارێزگاى سلێمانى 141 کەس تووشی ڤایرۆسى کۆرۆنا بووە.

 

هەر بەپێی ئامارەکان، لە هەرێمى کوردستان تا ئێستا سێ هەزار و 273 توشبووى کۆرۆنا تۆمارکراون، کە هەزار و 319 کەسیان چاکبوونەتەوە و 89 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.  

  

لەسەر ئاستى هەرێم، زۆرترین حاڵەتى توشبوون و گیانلەدەستدان لە سنورى پارێزگاى سلێمانییە، کە لەدوو هەزار و 222 توشبوو، 75 حاڵەتى گیان لەدەستدان پێکهاتووە، لەگەڵ 732 حاڵەتى چاکبوونەوە.