گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وتەبێژى هەپەگە وردەکارى شەڕى هەفتەنین و بەرگرى گەریلا بۆ ناس کورد ئاشکرادەکات

2020.06.19 - 22:48
وتەبێژى هەپەگە وردەکارى شەڕى هەفتەنین و بەرگرى گەریلا بۆ ناس کورد ئاشکرادەکات

ناس کورد- ئاکۆ حەمەد رابی

وتەبێژی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایگەیاند ، لەماوەی 24کاتژمێری ڕابردودا زیاتر لە 20سەربازی سوپای تورکیا کوژراون و دوو گەریلای ئێمەش شەهید بوون.

 

دیار دەنیز، بەرپرسی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (HPG)باڵی سەربازی پەکەکە ئێوارەی ئەمڕۆ (هەینی، 19ی حوزەیرانى 2020) لەبارەی ئۆپەڕاسیۆن و هێڕش و پەلاماری سوپای تورکیا لەهەرێمی هەفتەنین لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند :" لەماوەی 24کاتژمێری ڕابردودا سوپای تورکیا هێرشی زەمینی و ئاسمانی بە جۆرەها شێوازو پێشکەوتوترین چەک و تەکنەلۆژیای جەنگی کردە سەر هەرێمی هەفتەنین و تا ئێستاش شەڕو ئاڵۆزیەکە بەردەوامە".

 

ڕونیشکردەوە :"سوپای تورکیا لەهەفتەنین تێک شکاوە، زیاتر لە 20سەربازیان کوژراون و ژمارەیەکشیان بریندار بوون، هاوکات دوو گەریلای ئێمەش لەشەڕەکەی هەفتەنین شەهید بوون".

 

دیار دەنیز، ئاماژەى بەوە کرد، گەریلاکانیان بەردەوام دەبن لە ڕێگریکردن و پێشڕەوی سوپای تورکیا لە هەفتەنین.

 

جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، گەریلاکانیان لە هەفتەنین بە ئیرادەیەکی بەرزەوە ڕوبەڕوی سوپای تورکیا وەستاونەتەوە، وتیشى "ئەوەی گەریلا لە هەفتەنین دەیکات، شتێکی مێژووییە".

 

بەرپرسی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی باڵی سەربازی پەکەکە ڕونیشیکردەوە کە: "هەفتەنین بێت یان خواکوڕک، بۆ گەریلا هیچ جیاوازیەکی نیە، تورکیا بەهەموو هێزیەوە ئۆپەڕاسیۆنی لە هەفتەنین دەستپێکردوە، بەڵام گەریلاکان شەڕ دەکەن و چۆک بۆ سوپای تورکیادا دانادەن".