گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

فەرماندەیەکى حدکا بۆ ناس کورد: ئێران هێزێکی زۆری هێناوەتە سەر سنور

2020.06.19 - 21:33
App store icon Play store icon Play store icon
فەرماندەیەکى حدکا بۆ ناس کورد: ئێران هێزێکی زۆری هێناوەتە سەر سنور

ناس کورد- ئاکۆ حەمەد رابی

بەرپرسی فەرماندەیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) ئاشکرای دەکات کە کۆماری ئیسلامی ئێران هێزێکی زۆری سەربازی هێناوەتە سەر سنور.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

کاوە بەهرامی، بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند : " لەدوای بۆردومانکردنی سنوری ناحیەی حاجی ئۆمەران، سوپای پاسدارانی کۆماری ئێسلامی ئێران هێزێکی زۆری سەربازی هێناوەتە سەر سنوری نێوان باشورو ڕۆژهەڵاتی کوردستان".

 

ئاماژەی بەوەشدا :"بە پێی زانیاریەکانمان هێزەکە چەکی قوڕسیشیان پێیە".

 

بەهرامی باسی لەوەشکرد کە، ئامانجی ئێران لە هێنانی هێزی سەربازی بۆ سەر سنور بۆ هێرشکردنە سەر حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

 

ناوەڕاستی هەفتەی ڕابردوو کۆماری ئیسلامی ئێران دوو ڕۆژ لەسەر یەک تۆپبارانی ناوچە سنوری و کوێستانیەکانی ناحیەی حاجی ئۆمەرانی سەر بەقەزای سۆرانیان کرد.

 

تۆپبارانەکەی ئێران زیانی گیانی بەدواوە نەبوو، بەڵام وەک عەبدوڵا حسێن موختاری گوندی ئالانەی حاجی ئۆمەران پێشتر بە ناس کوردی وت :" تۆپبارانەکە زیانی بە ژینگەو لەوەڕگاو سروشتی ناوچەکە گەیاندوە".

 

ئەو ناوچانەی ئێران تۆپبارانی کردن، جێگەی مەڕدارو ئاژەڵدارو کۆچەریەکانەو لە وەرزی هاوین بۆ لەوەڕاندن و بەخێوکردنی مەڕوماڵاتەکەیان سوودی لێدەبینن.

 

هاوکات لەگەڵ تۆپبارانی ئێران، سوپای تورکیاش چەند ڕۆژێکە ئۆپەڕاسیۆنێکی لەخاکی هەرێمی کوردستان لەژێر ناوی " چنگی هەڵۆ" دەستپێکردووەو بەهۆی بۆردومانەکانیشەوە چەند هاوڵاتییەک لە برادۆست و بادینان شەهید بوون.