گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاپۆرتێک: بارزانی ’ئاسانكاری’ كردووە بۆ لەشكركیشیەكانی سوپای توركیا

2020.06.19 - 18:49
ڕاپۆرتێک: بارزانی ’ئاسانكاری’ كردووە بۆ لەشكركیشیەكانی سوپای توركیا

ناس کورد- 

ڕۆژنامەی (ئەلعەرەبی)ی لەندەنی لەڕاپۆرتێكیدا ئاشكرای كرد، لەلایەن بەشێک لە حزبە كوردییەكانەوە بەتایبەتى پارتى دیموکراتى کوردستان ئاسانكاری بۆ لەشكركێشییە فراوانەكانی سوپای توركیا بۆ سەر چەند ناوچەیەكی هەرێم كراوە بەمەبەستی هێرشكردنە سەر گەریلاكانی پەكەكە.

 

ڕۆژنامەكە ئەوەشی خستووەتە ڕوو لەساڵی 1995ەوە دەیان بنكەی سەربازی توركیا لە هەرێمی كوردستاندا هەیە و توركیا هەوڵی فراوانكردنی بوونی سەربازی لەهەرێم دەدات.

 

چەند سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار بەڕۆژنامەكەیان ڕاگەیاندووە، بەبێ كارئاسانیكردنی حزبە كوردییەكان لەسەرووی هەمویانەوە پارتی دیموکراتى کوردستان بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی نەبوایە لەشكركێشیە فراوانەكەی سوپای توركیا ئەنجامنەدەدرا، گەرچی حكومەتی عێراقیش بەتوندی ئیدانەی ئەو كارەی كردووە لەڕێگەی بانگهێشتكردنی باڵیۆزەكەی توركیاوە.

 

سەرچاوەكانی ڕۆژنامەكە ئاماژەیان بۆ ئەوەش كردووە، بەرپرسانی هەرێم بەدوای بەرژەوەندیەكانی خۆیاندا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا دەگەڕێن و و توركیاش دەڵێت پەكەكە پاڵپشتی لەچەند وڵاتێكەوە وەردەگرێت نەیارن لەگەڵیدا بەتایبەت دوای ئەوەی باس لەوە دەكرێت توركیا سەرقاڵی دامەزراندنی چەند بنكەیەكی سەربازییە لەهەرێم.

 

ڕۆژنامەكە رونیدەکاتەوە، دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەوانەی لەبارزانیەوە نزیكن بێدەنگیان لەدۆخەكە بەرامبەر توركیا هەڵبژاردووە بەڵام گرفت بۆ ئەو سەرچاوە داراییانە دروستدەكەن كە پاڵپشتی پەكەكە دەكەن.

 

لای خۆشیەوە، هۆشیار مالۆ، توێژەری سیاسی بەڕۆژنامەكەی وتووە، توركیا پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتی مامەڵە دەكات و حكومەتی عێراقیش هەڵوێستی شەرمنانەیەو ڕێگری لەو لەشكركێشیە نەکردووە.

 

بەگوێرەی زانیارییەكانی ڕۆژنامەكە، لەسەردانەكەیدا كە ماوەیەك پێش ئێستا بۆ بەغدا ئەنجامیدا، هاكان فیدان سەرۆكی دەزگای هەواڵگری داوای ڕەزامەندی بەرپرسانی عێراقی كردووە بۆ لەشكركێشیەكەیان بەڵام بەغدا ڕەتیكردووەتەوە.



عادل بەكوان كە توێژەری سیاسیە بەڕۆژنامەكەی وتووە، ناچێتە عەقڵەوە بەبێ هاریكاری كردارەكی دەسەڵاتدارانی كورد توركیا بێتە ناو خاكی هەرێمەوە.

 

ڕوونیشی كردووەتەوە، ئەنكەرە بەدۆخی توركیا و سوریاوە تێوەگلاوە و دەشیەوێت بگاتە یەمەن و پلانی هەیە بۆ ئەوەی وەكو هێزێكی سەرەكی لەناكۆكییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆی پیشان بدات و عێراقيش بەبەشێك لەپلانەكەی دەزانێت.

 

دوای ئەوەی بەرپرسانی توركیا ئەوەیان ڕاگەیاند، هێرشەكەیان بەفڕۆكەی ئێف 16 و زەمینی  ئەنجامداوە و 500 ئامانجی پەكەكەیان لەناوچەی هەفتانین كردووەتەوە ئامانج، ژمارەیەك لەپەرلەمانتارانی عێراق ئەو كارەیان بەمەترسی و بێ پێشینە لەقەڵەمدا كە فڕۆكەكانی  توركیا بەقوڵایی 200 كیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاكی عێراقەوە.