گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەڕێوەبەرى ناحیەى شیلادزێ: ژمارەى شەهیدەکانى بۆردومانەکەى تورکیا لە 3 شەهید زیاترە

2020.06.19 - 16:57
بەڕێوەبەرى ناحیەى شیلادزێ: ژمارەى شەهیدەکانى بۆردومانەکەى تورکیا لە 3 شەهید زیاترە

ناس کورد- محەمەد عومەر

بەڕێوەبەرى ناحیەى شیلادزێ رایگەیاند، بەهۆى ئەوەى ئەو شوێنەى کە سوپاى تورکیا بۆردومانى کردووە ناوچەیەکى سەختە پێشبینى دەکەن کە ژمارەى شەهیدەکان لە 3 شەهید زیاتر بێت.

 

وارشین سەلمان، بەرێوبەری ناحیەی شێلادزێ  لە لێدوانێکى تایبەت بە ناس کوردى وت "لە بۆردومانەکەى سوپاى تورکیا لەسنورى ناحیەکەمان 4 هاووڵاتى شەهید بووە کە تەرمى سیان لە شەهیدەکان دۆزراوەتەوە و تەرمى شەهیدێکیان هێشتا نەدۆزراوەتەوە".

 

بەڕێوەبەرى ناحیەى شیلادزێ پێشبینى ئەوەى کرد ژمارەى شەهیدەکان و برینداران زۆر لەوە زیاتر بێت چونکە شوێنی بوردومانەکە جێگایەکی سەخت و مەترسیدارە تا ئێستا نازانرێت چەند هاووڵاتى دیکە بریندار و شەھیدکراون .

 

پێشتر پەیامنێری ناس کورد ڕایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی 19ی حوزەیرانی 2020، فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بوردومانی ناوچەی نێروەو رێکانیان کرد لە ناحیەی شێلادزێ سەر بە قەزای ئامێدی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی بۆردومانکردنى گوندی سیدان لە سنوری ئەو ناحیەیە سێ هاووڵاتى سڤیلی ئەو ناوچەیە بونە قوربانی و شەھیدکران .  

 

ئەوە لەکاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممەش بەهەمانشێوە و بەهۆی بۆردومانەکانی سوپای تورکیاوە، هاووڵاتییەک لە سنوری ناحیەی سیدەکان شەهید بوو.

 

ماوەی چەند ڕۆژێکە، سوپای تورکیا هێرش و لەشکرکێشێ بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە و جگە لە بۆردومان هێزی کۆماندۆی زەمینیشی ناردووەتەوە ناو خاکی هەرێم، بەڵام هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم تاوەکو ئێستا بێدەنگن لەو بارەیەوە.