گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

توێژینەوەیەک: ئەو بەرگرییەی دژبە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە خوێنی چاکبوواندا دروست دەبێت زۆر نامێنێتەوە

2020.06.19 - 11:32
توێژینەوەیەک: ئەو بەرگرییەی دژبە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە خوێنی چاکبوواندا دروست دەبێت زۆر نامێنێتەوە

ناس کورد-

تویژینەوەیەکی چینی ئاشکرایکرد، ئەو دژەتەنانەی لە خوێنی چاکبووانی کۆرۆنادا دروست دەبێت دژی ڤایرۆسەکە، زۆر نامێننەوە و مەرجیش نییە هەموو چاکبووەوەیەک دژەتەنەکانی ڤایرۆسەکە لە خوێنیداهەبێت و جەستەی بەرگری دژ بە پەتاکە دروستبکات، 

 

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی چینی کە لە گۆڤاری"میدیسن"ی تایبەتە بە بواری پزیشکی بڵاوکراوەتەوە: " ئەو دژەتەنانەی کە لەناو خوێنی چاکبووەوەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا دروست دەبێت دژ بەڤایرۆسەکە بۆ ماوەیەکی کورت دەمێنێتەوە و هەندێ جاریش هەر نییە".

 

ئاماژ بەوەشکراوە، ژمارەیەک توێژەری چینی لەو باریەوە تاقیکردنەوەیان لەسەر 74 کەس ئەنجامداوە کە 37 کەسیان لە نەخۆشییەکە چاکبوونەتەوە و37 کەسی دیکەشیان توشی پەتاکە بوون، بەڵام نیشانەی نەخۆشییەکەیان تێدا دەرنەکەوتووە. 

 

دوای دوو مانگ لە توێژینەوە لەسەر ئەو کەسانە لە ئاکامدا: "زاناکان نەیانتوانیوە هیچ جۆرە دژەتەنێک لە خوێنی چاکبووەوەکاندا بدۆزنەوە، ئەوانەشی هەڵگری ڤایرۆسەکە بوون و نیشانەکانی نەخۆشییەکەیان تێدا دەرنەکەوتووە بەهەمانشێوە هیچ دژەتەنێک لە خوێنیاندا نەدۆزراوەتەوە".

 

ئاماژە بەوەشکراوە: "ئەوانەی توشی نەخۆشییەکە دەبن و نیشانەکانیان تێیدا دەرناکەوێت وەڵامدانەوەی سیستمی بەرگریی لەشیان لاوازە".

 

بەگوێرەی توێژینەوەکە: "لە 40%ی ئەو کەسانەی کەلەنەخۆشییەکە چاکبوونەتەوە دەرکەوتووە پاش هەشت هەفتە لە چاکبوونەوەیان نەتوانراوە ڕێژەی دژەتەنەکان لەناو خوێنەکەیاندا بدۆزرێتەوە، لە 13%ی ئەوانەشی توشی نەخۆشییەکە بوون بە هەمان شێوە".

 

لە ئێستادا زۆربەی وڵاتانی جیهان سەرقاڵی تاقیکردنەوەن لەسەر ئاستی توانای سیستمی بەرگریی لەشی مرۆڤ لە دروستکردنی بەرگری دژ بە پەتای کۆرۆنا، بەڵام تائێستا ئەو بابەتە بە شێوەیەکی زانستی یەکلایی نەکراوەتەوە.

 

چەندین وڵاتی جیهانیش بە پشت بەستن بە توانای بەرگریی لەشی چاکبووان لە ڤایرۆسەکە بەنیازن (پاسپۆرتی) تایبەت بۆ ئەو کەسانە دەربکەن کە لەنەخۆشییەکە چاکبوونەتەوە بۆ ئەوەی بەئاسانی لەسەردەمی بڵاوبوونەوەى پەتاکەدا، بەجیهاندا گەشت ئەنجامبدەن.