گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزيرى تەندروستى: پارە لە بەغداوە نەهاتووە بۆ دابەشكردنى موچە

2020.06.18 - 21:00
وەزيرى تەندروستى: پارە لە بەغداوە نەهاتووە بۆ دابەشكردنى موچە

 

ناس کورد-

وەزيرى تەندروستیى هەرێمى كوردستان سەبارەت بە دابەشكردنى موچە دەڵێت، پارە لە بەغداوە نەهاتوە و وەزارەتى دارايى بەڵێنى داوە هەرکات پارە هەبوو يەكەم شوێن موچەى وەزارەتى تەندروستى بەغدا دابەش بكات.

 

سامان بەرزنجى، وەزیری تەندروستیی هەرێم لە كۆنگرەيەكى رۆژنامەوانيدا ڕایگەیاند: " وەك هەمووان دەزانن پارە لە بەغداوە نەهاتوە و موچەش پێويستى بە بودجەكى زياتر هەيە، تەنانەت خودى سەرۆك وەزيرانيش لە پەرۆشى كارمەندان و فەرمانبەرانى وەزارەتى تەندرستيدايە".

 

وتيشى، هەروەك بەڵێن دراوە لەكاتى بەردەستبوونى پارە وەزارەتى تەندروستى يەكەم وەزارەت دەبێت كە موچەكەى دابەش دەكرێت.

 

سامان بەرزنجى داواشى لە كارمەندانى تەندروستى پارێزگاى سلێمانى كرد، كە بە پەرۆشەوە بگەڕێنەوە سەر توندوتۆڵكردنى دەوام و كارەكان و سەرۆكى حكومەت لە خەمى دابينكردنى موچەدايە و لەكاتى بونى پارە دەست دەكرێت بە دابەشكردنى.

 

سەبارەت بە بارودۆخى پەتاى كۆرۆناش وتى: "نیگەرانین کە 67% لە تووشبووان و گیانلەدەستدان لە سنووری پارێزگای سلێمانین و بەگشتیش رێژەی مردن بە کۆرۆنا گەیشتووەتە 3%". داواش لە هاوڵاتيان دەكات ڕێوشوێنەكانى خۆپاراستن توندوتۆڵتر بكەن، چونكە خاوبونەوە لە جێبەجێكردنى رێنماييەكان كارەسات دروست دەكات.

 

ئاشكراشيكرد، بە سیاسیکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەکۆتاییدا بە زیانی هاووڵاتیان دەبێت و سەرۆکی حکومەت دوو ملیار دیناری بۆ تەندروستیی سلێمانی تەرخانکردووە، ڕەخنەش لە ڕێوشوێنەكان لە هەندێك لە دەروازە سنوريەكان دەگرێت و پێى وايە كە وەك پێويست ڕێنماييەكانيان جێبەجێ نەكردوە.