گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تائێستاش هيچ لايەنێكى فەرمى هەرێم هيچ لێدوانێكى نەداوە

بەرپرسێكى توركيا: پرۆسە سەربازيیەكە بەردەوام دەبێت و بنكەى سەربازى زياتر بنياد دەنێين

2020.06.18 - 20:50
App store icon Play store icon Play store icon
بەرپرسێكى توركيا: پرۆسە سەربازيیەكە بەردەوام دەبێت و بنكەى سەربازى زياتر بنياد دەنێين

 

ناس کورد-

بەرپرسێكى ديارى توركى دەڵێت، پرۆسە سەربازيەكەى توركيا لە هەرێمى كوردستان بەردەوام دەبێت و تەئكيديش دەكاتەوە، وڵاتەكەى بنكەى سەربازى زياترى كاتیى بنياد دەنێت، ئەوەش لەکاتێکدا، تائێستاش هيچ لايەنێكى فەرمى هەرێم لەسەر پێشێلكاريەكانى توركيا هيچ لێدوانێكى فەرميان نييە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕۆژى يەكشەممە و سێشەممەی ڕابردوو توركيا دوو پرۆسەى سەربازى دژى پارتى كرێكارانى كوردستان "پەكەكە" لەناو خاكى هەرێمى كوردستاندا ئەنجامداوە، ئەوەش بەبيانوى وەڵامدانەوەى هێرشەكانى پەكەكە بۆ سەر بنكە و بارەگا سەربازيەكانى ئەو وڵاتە.

 

ئەو بەرپرسەى توركيا كە نەيويستوە ناوى خۆى ئاشكرا بكات بە ئاژانسى ڕۆيتەرزى وتوە، ئەنقەرە دواى گفتوگۆكردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانى عێراقى دەستى كردوە بە پرۆسە سەربازیيەكانى، ئەوەش لەپێناو دورخستنەوەى چەكدارانى پەكەكە لە سنورەكانى و بە ئامانجگرتنى توانا لۆجستيەكانى ئەو هێزە.

 

باسى لەوەشكردوە: "پلانەكە بنيادنانى بنكەى سەربازى زياترى كاتييە لە ناوچەكە، ئەوەش بۆ ئەوەى ڕێگە نەدرێت ئەو ناوچانەى كە پاككراونەتەوە دوبارە بۆ هێرشكردنەسەر هێزەكانى توركيا بەكاربهێنرێن، زياتر لە 10 بنكەى سەربازى كاتى لەناوچەكە هەيە و بنكەى سەربازى زياتريش بنياد دەنرێن".

 

لاى خۆشيەوە وەزارەتى بەرگرى توركيا ئاشكرايكردوە، لە چوارچێوەى پرۆسە سەربازيەكەى بۆ سەر ناوچەى حەفتانين هێزە توركيەكان زياتر لە 500 ئامانجى پەكەكەيان پێكاوە، ئەوەش لەرێگەى فڕۆكەكانى F16 و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان و تۆپهاوێژەكان.

 

سەرەڕاى ئەوەى وەزارەتى دەرەوەى حكومەتى عێراقى باڵيۆزى توركياى بانگهێشت كردوە و ياداشتنامەيەكى ناڕەزايى بە زمانى توند پێشكەش كردوە، ئەو بەرپرسەى توركيا تەئكيدى كردوەتەوە، پرۆسە سەربازيەكان بەردەوام دەبن و هيچ ماوەيەك بۆ پرۆسەكە ديارى نەكراوە و تا ئامانجەكەى دەپێكێت بەردەوام دەبێت.

 

سەرەڕاى ئەوەى چەندين لايەنى ترى عێراقيش ناڕەزايەتيان لەسەر پرۆسە سەربازيەكەى توركيا و بۆردومانەكانى ئێران بۆ سەر چەند ناوچەيەكى هەرێمى كوردستان دەربڕيوە، تائێستا هيچ لايەنێكى فەرمى هەرێم لێدوانى ڕەسمى لەو بارەيەوە نەداوە.