گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەهۆی هێرشەکانی تورکیا و ئێران وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزانی هەردوو وڵاتی بانگهێشتکرد

2020.06.18 - 18:56
بەهۆی هێرشەکانی تورکیا و ئێران وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزانی هەردوو وڵاتی بانگهێشتکرد

 

ناس کورد- 

 

وەک ناڕەزایی دژی لەشکرکێشێ و بۆردومانەکانی تورکیا، حكومەتی عێراق هەردوو باڵیۆزی ئێران و توركیای لەبەغدا بانگهێشت کرد و و یاداشتی ناڕەزایەتی لەسەر هێرشەكان ڕادەستکردن. 

 

ئەمڕۆ پێنج شەممە، 18ی حوەزەیرانی 2020 ، لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی بۆردومانەكانی ئیران بۆ سەر چەند گوندێكی سنوری سەر بە حاجی عۆمەران لەپارێزگای هەولیر، ئەمڕۆ باڵیۆزی ئەو وڵاتە لەعێراق بانگهێشتكراوە و یاداشتێكی ناڕەزایەتیی ڕادەست کراوە. 



وەزارەتی دەرەوە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا باسی لەو بۆردومانەی 16ی ئەم مانگە كردووە كە بەهۆیەوە زیانی مادی بۆ گوندنشینانی ناوچەكە لێكەوتووەتەوە و ترس و دڵەڕاوكێشی لەلای دانیشتوانی ئەو ناوچەیە دروستكردووە.



وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختی لەوەشكردووە، عێراق سوورە لەسەر پاراستن و پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و ئیدانەی ئەو جۆرە كارانەش دەكات و داوا لەو وڵاتە دەكات سەروەرییەكانی خاكی عێراق بپارێزێت.



هاوكات لەڕاگەیەنراوێكی دیكەدا و لەبارەی هێرش و لەشكركێشییەكانی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی هەرێم هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، بانگهیشتی باڵیۆزی توركیای لەعێراق كردووە و یاداشتێكی ناڕەزایەتی ڕادەستكردووە و بەزمانێكی توند داوای لێكردووە توركیا دەست لەو پێشێلكاریانە هەڵبگرێت.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، عێراق بەتوندی ئیدانەی لەشكركیشیەكانی توركیا بۆ ناو خاكی وڵاتەكەی دەكات و بە پێشێلكردنی سەروەرییەكانی دەزانێت.

 

وەزارەتی دەرەوەی عێراق باسی لەوەشكردووە، حكومەتی عێراق جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، توركیا بووەتە هۆكاری پشێوی و نائارامی سنورە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات. 

 

هاوکات ئەوەشی خستووەتەڕوو، دەستپێشخەری ئاشتی ساڵی 2013 كە پارتی كرێكاران پشتی پێبەستووە، چەكدارەكانی ئەو حزبەی لەهەندێ ناوچەی عێراقی بەبێ ڕەزامەندی و پرسی عێراق هێشتووەتەوە و كە ئەوكاتیش لەئەنجومەنی ئاسایش ناڕەزایەتیان لەو كارەش دەربڕیووە.

 

داواشی لەحكومەتی توركیا كردووە، دەستهەڵبگرێت لەو پێشیلكارییانە و گوێ لەدەنگی دانایی بگرێت و سنورێك بۆ ئەو كارانە دابنێت و مافی عێراقیشە لەپێناو سەلامەتی سەروەری و گەلەكەی دا هەر جۆرە ڕێوشوێنێك بگرێتەبەر و داواش لەئەنجومەنی ئاسایش  و ڕێكخراوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان بكات بەكاری بەرپرسیارێتی خۆیان هەستن.

 

ئەمەش لەکاتێکدایە، لەدوای چەند ڕۆژێک لە لەشکرکێشی و بۆردومانەکانی هەردوو وڵات بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا بەرپرسانی هەرێم و هەرسێ سەرۆکایەتییەکە بێدەنگن.