گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەڤاڵ ئەبوبەکر: نێچیرڤان بارزانی ئامادەی دەستپێشخەرییە لەبارەی موچە و حکومەتی خۆجێیی

2020.06.18 - 18:29
هەڤاڵ ئەبوبەکر: نێچیرڤان بارزانی ئامادەی دەستپێشخەرییە لەبارەی موچە و حکومەتی خۆجێیی

ناس کورد-

پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و دەشڵێت، سەرۆکی هەرێم ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ هەر هاوکاری و دەستپێشخەرییەک لەبارەی پرسی حکومەتە خۆجێییەکان و موچە و بارودۆخی دارایی.

 

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ پێنجشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا گفتوگۆمان لەسەر چەند بابەتێک کرد".

 

ڕونیشیکردووەتەوە: "لە پەیوەندییەکەدا، سەبارەت بە پێشنیازو بەرنامەو تێگەیشتن و کۆبوونەوەی هاوبەشی لایەنە سەرەکییەکانی بەشدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پشتیوانیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتە خۆجێییەکان و باری دارایی و ئابووری و موچەی موچەخۆران و قۆناغەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، گفتوگۆمان کرد".

 

هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەشکردووە: "بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئامادەیی خۆیان بۆ هەر پێشنیازو دەستپێشخەریی و هەماهەنگیی و کارێکی هاوبەش دەربڕی".

 

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممەش، هەڤاڵ ئەبوبەکر، وەک نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان، سەردانی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی کرد و لەسەر چەند تەوەرێک گفتوگۆیان کرد.