گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’شەڕ و ململانێی ناوخۆیی و برسێتی هۆكاری سەرەكین’

ژمارەی ئاوارەبوون بەراورد بە ساڵی 2019 ڕیكۆردی شكاندووە و گەیشتووەتە 80 ملیۆن 

2020.06.18 - 15:49
ژمارەی ئاوارەبوون بەراورد بە ساڵی 2019 ڕیكۆردی شكاندووە و گەیشتووەتە 80 ملیۆن 

ناس کورد- 

نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند"نزیكەی 80 ملیۆن كەس كە دەكاتە 1%ى دانیشتوانی جیهان بەهۆی شەڕو توندوتیژی و ململانێ ناوخۆییەكانەوە لەشوێنی خۆیان هەڵكەنراون و ئاوارەی وڵاتان بوون و ئەوەش شكاندنی ڕیكۆردە لە تۆماركردنی ژمارەی ئاوارەبووندا.

 

كۆمسیۆنی كاروباری تایبەت بەئاوارەكانی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەى بەوە کرد "ژمارەی ئاوارەكان نزیكەی 9 ملیۆن بەراورد بە ساڵی پار بەرزبووەتەوە و نزیكبووەتەوە لەدوو هێندەى ئەو ژمارەیەی كە ساڵی 2010 نزیكەی 41 ملیۆن تۆمار كراوە ئەوە سەرباری ئەوەی ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتاكەوە هاتووچۆكردن ئاستەم بووە".

 

لەڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ئەو كۆمسیۆنە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، هاووڵاتى سوری و فەنزەویلی و ئەفغانی و هاووڵاتیانی باشوری سودان و رۆهینگیەكان كە لەدەست میانمارەكان هەڵدێن  لەلیستی  سەرەكی نزیكەی  79.5 ملیۆن ئاوارەدان كە داوای مافی پەنابەری دەكەن یاخود ئاوارە بوون.

 

لەو بارەیەوە، ڤیلیبۆ گراندی كۆمسیاری ڕێكخراوەكە دەڵێت، ئەو ژمارەیە نزیكەی 80 ملیۆنە و بەرزترین ژمارەیە كە كۆمسیۆنەكەیان لەسەرەتای دەستپێكردن بەكۆكردنەوەی داتاكانەوە بەشێوەیەكی بەرنامە بۆداڕێژراو تۆمارى کردووە كە ئەوەش مایەی نیگەرانیەكی زۆرە.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، ئەو ژمارەیە نزیكەی 1%ى ژمارەی دانیشتوانی جیهان پێكدەهێنێت. 



ساڵی 2019 كۆمسیۆنی كاروباری ئاوارە و پەنابەرانی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند، ژمارەی ئاوارەكان بەهۆی شەڕ و ململانێ ناوخۆییەكانی وڵاتانەوە لەجیهاندا گەیشتووەتە 70 ملیۆن ئەوەش بەرزترین ئامارە كە لەدامەزراندنیەوە ئەو ڕێكخراوە تۆماری كردبێت.