گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’واز لەكاردانەوەی شەرمنانە بهێنن’ 

پەرلەمانتارێكی عێراق: دەبێت حكومەت بەهێزتر لەوەی توركیا دەیكات وەڵامبداتەوە 

2020.06.18 - 12:52
پەرلەمانتارێكی عێراق: دەبێت حكومەت بەهێزتر لەوەی توركیا دەیكات وەڵامبداتەوە 

ناس کورد- 

پەرلەمانتارێكی عێراق لەو بڕوایەدایە وەڵامی حكومەت بەرامبەر لەشكركیشیەكانی توركیا شەرمنانەیە و دەبێت بەهێزتر لەوەی كە توركیا ئەنجامیدەدات وەڵامبدرێتەوە بۆ ئەوەی دووبارەی نەكاتەوە.

 

 

لەڕاگەیەنراوێكدا مەنسور بەعیجی، پەرلەمانتاری عێراق ڕایگەیاند، كاردانەوەی حكومەتی عێراق لەبەرامبەر پێشێلكارییەكانی توركیادا زۆر شەرمنانەیە و لەگەڵ ئەوەدا ناگونجێت كە توركیا پێیهەستاوە بەدەستدرێژیكردنە سەر خاكی عێراق و پیشێلكردنی سەروەرییەكەی.

 

بەعیجى ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئەو كارەی توركیا مەترسیدارە و ناكرێت بەهیچ شێوەیەك لێی بێدەنگ بن.

 

رونیشیکردەوە، ئەو دەستدرێژیكردنەی توركیا و پێشێلكردنی سەروەرییەكانی خاكی عێراق یەكەمجار نیە و بەڵكو دووبارە دەبنەوە بەهۆی بێدەنگی حكومەت و لاوازی كاردانەوەكانیەوە بۆیە پەلیكێشاوە بۆ دوژمنایەتیكردنێكی فراوان بۆ سەر خاكی عێراق و ئەوەش ناكرێت لێی بێدەنگ بن.

 

پەرلەمانتارەکەى عێراق داواش دەكات حكومەت هەڵوێستەكانی خۆی یەك بخات بۆ كۆتایهێنان بەو لەشكركیشیە و دەشپرسێت " بۆچی بێدەنگی و ئەو كاردانەوە شەرمنانەیە لەدژی توركیا ئایا بەئاگاداری یاخود بێ ئاگادارى ئەو كراوە..؟" بۆیە دەبێت ئەوە ڕوونبكرێتەوە لەبەرامبەر خەڵكیدا كە سوێندی خواردووە زەوی و ئاسمانەكەی و ئاوەكە بپارێزێت و هەموشمان دەپرسین كامەیە سوێندەكەتان بۆ پاراستنی وڵات.

 

ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوە كردەوە، دەبێت حكومەت وەڵامی بەهێز و یەكلاكەرەوەی هەبێت دژی پێشێلكردنەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق لە ڕاگەیەنراوە شەرمنانەكان و بانگهێشتكردنی باڵیۆزەكان بۆ یاداشت پێدان دوور بكەوێتەوە چونكە ئەوەی توركیا پێیهەستاوە دوژمنایەتیەكی ئاشكرایە و دەبێت بەهێزتر لەوەی دەیكات وەڵامبدرێتەوە بۆ ئەوەی دووبارەی نەكاتەوە.