گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

بەهۆی پابەند نەبوونیان بە گرێبەستەكانیانەوە

پلاندانانی عێراق 426 كۆمپانیا و بەڵێندەری خستە لیستی ڕەشەوە

2019.04.16 - 08:41
پلاندانانی عێراق 426 كۆمپانیا و بەڵێندەری خستە لیستی ڕەشەوە

ناس كورد – فوئاد عەبدوڵا


لەكۆی 36 هەزار كۆمپانیا و بەڵێندەری عێراقی تۆماركراو لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، 426 كۆمپانیا و بەڵێندەر خرایە لیستی رەشەوە.

.

عەبدولزەهرە ئەلهنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق تایبەت بەناس كورد-ی ڕاگەیاند "لەسەر داوای ئەو لایەنانەی كۆمپانیاكان گرێبەستیان لەگەڵ واژۆ كردوون بۆ كارێكی دیاریكراو، بەهۆی پاپەندنەبونی ئەو كۆمپانیانە بەو گرێبەستەی لەگەڵ لایەنی یەكەم واژۆیان كردووە ناچار بووین بیانخەینە لیستی ڕەشەوە".

.

ئاماژەی بەوەش كرد، ئەگەر كۆمپانیاكان یاخود بەڵێندەرەكان بەڵگەی تەواو و دروستیان هێنایەوە كە ئەم بڕیارەی ئەوان رەت بكاتەوە، لە لیستەكە دەردەهێنرێن و نموونەی بەوە هێنایەوە كە پێشتر دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی سزاكەیان، 305 كۆمپانیایان لەو لیستە دەرهێناوە.

.

لە وەزارەتی پلاندانانی عێراقدا، 36 هەزار بەڵێندەر و كۆمپانیا تۆماركراوون و بەسەر 10 پلەدا پۆڵێن كراوون، 28 هەزار كۆمپانیایان لە پلەی نایابدان، 4 هەزار و 690 كۆمپانیا لە پلەی یەكەم، 9 هەزار و 863 كۆمپانیا و بەڵێندەر لە پلەی پێنجەمدا، 336 كۆمپانیا و بەڵێندەر لە پلەی حەوتەمدان.

.

سەبارەت بە شێوەی سزای ئەو كۆمپانیا و بەڵیندەرانە وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ ناس كورد-ی روونكردەوە، سزاكەیان بەدابەزینی پلەی پۆڵێنكردنەكەیە، ئەگەر پێشتر لە پلەی پێنج بووبێت دادەبەزێت بۆ پلەی شەش و ئەگەر لە شەش بوبێت دادەبەزێت بۆ پلەی حەوت و لەكاتی دووبارەكردنەوەی سەرپێچییەكانیدا بەیەكجاری لە پۆڵێنی كۆمپانیاكان دەردەكرێت.

.

وتیشی "تا پێش ساڵی 2009، 22 هەزار و 515 كۆمپانیا پۆڵێنكرابوون، لە دوای 2009شەوە تا 2018، 12 هەزار و 411 كۆمپانیا لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە پۆڵێنكران.

.