گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەنانەت كازمى خۆشى لەدەست ئەو ئەفسەرانەدايە كە لە باڵادەستى ميليشياكان دەيپارێزن

كازمى لە بارودۆخێكى سەختدايە عێراق پێويستى بە موعجيزەيە

2020.06.17 - 23:09
كازمى لە بارودۆخێكى سەختدايە  عێراق پێويستى بە موعجيزەيە

ناس کورد-

تەنانەت لە تاريكترين سەردەمەكانيشدا لە عێراق هەميشە پارەيەكى زۆر بە دەست حكومەتەوە هەبوە كە زۆرينەى بۆ بەهێزكردنى رێكکەوتنە ئەمنيەكان و دامەزراندن بەكارهێنراون كە ئەوەش هۆكار نەبوە بۆ دروستبونى سەقامگيرى و هەميشە بارودۆخەكەى ناسەقامگيرتر كردوە.

 

شارەزايانى ئابورى و ئەمنى دەڵێن، بارودۆخى دارايى ئێستا زۆر مەترسيدارە و هەڕەشەيە لەسەر وڵات كە لە ساڵى پەنجاكانەوە سەقامگيريەكى ماوە درێژى بەخۆيەوە نەبينيوە،  "ڕائد ميحنە" شارەزاى ديارى ئابورى بە ماڵپەرى "الحرة"ى وتوە، كاتێك پارە بەدەست خەڵكەوە دەبێت ئەگەرى ڕودانى كێشەكانى تر هەيە، بەڵام كاتێك هەڕەشە لەسەر ئابورى دەبێت هۆكار دەبێت بۆ ئەوەى خەڵك ئەو بڕيارانە بدەن كە جێى بێهيوايين.

 

لەئێستاشدا حكومەتەكەى مستەفا كازمى كە زۆرێك پێيان وابوو حكومەتى ڕزگارى دەبێت ڕوبەڕوى چەندين كێشەى زۆر گەورە بوەتەوە، لە گرنگترينيان نەبونى داهات و ئەو پەستانەيە كە ڕوبەڕوى كەرتى تايبەت بوەتەوە بەهۆى ڕێوشوێنەكانى بەرەنگاربونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆناوە.

 

"ڕائد ميحنە" دەڵێت، كێشەكە جيهانييە بەڵام بارودۆخەكە لە عێراق مەترسيدارترە، پشتبەستن بە يەك سەرچاوەى ئابورى و چالاكنەكردنى ئابورى و پشتبەستن بە دامەزراندن بۆ بێدەنگكردنى خەڵك بوەتە هۆى ئەوەى تواناى ئابورى عێراق لە ڕوبەڕوبونەوەى ئاڵنگارییەکان توشى ئیفلیجى بێت.

 

ڕونيشيكردوەتەوە، بەهۆى وەبەرهێنانە ناڕاستەوخۆكانى حكومەت ژمارەيەكى زۆر وەبەرهێنانى بچوك داخران، ئەو مليارەها دۆلارەى كە خراوەتە بازاڕى دراوەوە باشتربوو بۆ وەبەرهێنان لە كەرتى پيشەسازى و كشوكاڵيدا خەرج بكرايە، هەزارەها دۆنم زەوى كشتوكاڵى لەدەست چون و هەزارەها كارگەى بچوك داخران، پيشەوەرەكان بەهۆى هاوردەوە دوكانەكانيان داخست و هەموان پشتيان بە موچەى حكومەت بەستوە.

 

بنيادنانەوەى ئابورى لە سفرەوە ئەركێكى ئەستەمە تەنانەت لەو دەوڵەتانەشدا كە سەقامگيرن و پێداويستيان لەبەردەستدايە، لە وڵاتێكى وەك عێراق ئەركەكە قورسترە، "عەبدوڵڵا محەمەد" ڕۆژنامەنوس و شارەزاى كاروبارى ئەمنى دەڵێت "هەر دەستپێشخەريەك بۆ سەپاندنى ئاسايش دژى بەرژەوەندى حزب و ميليشياكان و گەندەڵى دەبێت كە ئەوانەش لە زۆرينەى كات يەك شتن.

 

پێشى وايە، حكومەت ناتوانێت بە سوپايەك كە دڵسۆزيەكەى پارچە پارچە بوە ئاسايش بسەپێنێت، هەروەها ناتوانێت كۆنترۆڵى ميليشيا و حزبەكان بكات، تەنانەت سەرۆكى حكومەتيش پەناى بۆ چەندين ئەفسەر بردوە كە لە باڵادەستى ميليشياكان بيپارێزن بەڵام خۆشى چوەتە دەستى ئەو ئەفسەرانەوە.

 

سامر سەعد، شيكەرەوەى سياسى دەڵێت، كازمى لە پەرلەمان ئۆپۆزسينى نييە هەروەها پشتگيريكەريشى نييە، هەروەها كارتێكى بەدەستەوە نييە كە پشتگيرى پەيدا بكات، سەرەڕاى ئەوەش بير لە داهاتوى سياسى دەكاتەوە بۆيە لەئێستادا بڕيارى يەكلاكەرەوە بژاردەيەك نييە.

 

ئەو شيكەرەوە پێشى وايە، سەرەڕاى ئەوە مەكينەى ڕاگەياندنى حزب و ميليشيا شيعەكان توانايان خستوەتەگەڕ بۆ هێڕشكردنە سەرى، كازمى پشتگيرى مەدەنييەكان و عەلمانيەكانيشى نييە سەرەڕاى ئەوەى لەسەر ئەوان هەژمار دەکرێت، بۆيە بارودۆخەكە سەختە.

 

جەختیشدەكاتەوە، پێويستمان بە جۆرێك لە موعجيزەيە، بەڵام بەداخەوە هەميشە موعجيزەكان درەنگ ڕوودەدەن.