گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەگەڵ هێرش و  پەلامارەکانی تورکیا عێراقییەکان دەپرسن ’کوا سەروەری؟’

2020.06.17 - 22:53
لەگەڵ هێرش و  پەلامارەکانی تورکیا عێراقییەکان دەپرسن  ’کوا سەروەری؟’

ناس کورد-

لەگەڵ بەزاندنی سەروەری خاک و ئاسمانیی عێراق لەلایەن سوپای تورکیاوە بەبیانوی بوونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە)  لە ناوچە سنورییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان، هەزاران هاووڵاتی عێراقی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەپرسن" کوا سەروەری؟".

 

درەنگانی شەوی (یەكشەممە)ی ڕابردوو، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا شەش ناوچەی سنوریی هەرێمی كوردستانیان بۆردومانكردو سەرلەبەیانی (دووشەممە)ش ناوچەكانی سنوری ئاكرێ و ئامێدییان بۆردومانكردەوە، بەربەیانی ئەمڕۆش( چوارشەممە) هێزێکی کۆماندۆی تورکی بەقوڵایی 10 کیلۆمەتر هاتنە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە.

"کوا سه‌روه‌ری؟"، ئه‌مه‌ پرسیاری هه‌زاران به‌كارهێنه‌ر و چالاكوانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی عێراقه‌ کە لە به‌رپرسانی به‌غدا ده‌كرێت به‌هۆی ده‌ستدرێژییه‌كانی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووی توركیا بۆ سەر خاک و ئاسمانیی عێراق.

 

به‌كارهێنه‌ر و چالاكوانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی عێراق بێدەنگی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراقیان بە(بێده‌نگیی تەواو) ناوبردووە زۆریش پێیان نامۆ و سەیرە، چونکە ‌ پێشتر "پێشێلكردنی سه‌روه‌ری" یەکێک بووە لەو دروشمانەی کە بەردەوام لەسەر زاریان بووە، بەڵام ئێستا به‌رامبه‌ر توركیا نقەیان لێوه‌ نایه‌ت.

سه‌لام محه‌مه‌د، ڕۆژنامه‌نووسێكی عێراقییه‌ و به‌ كه‌ناڵی حوڕه‌ی وتووه‌ "ئه‌وكاته‌ی ئه‌مریكا میلیشیاكانی عێراقی بۆردومان كرد، هه‌زاران تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی میلیشیاكان كه‌وتنه‌ باسی سه‌روه‌ری، كه‌چی ئێستا به‌رامبه‌ر بۆردومانه‌كانی توركیا به‌شێوه‌یه‌كی زۆر سه‌یر بێده‌نگن".

 

ڕه‌باح سه‌لمان، شرۆڤەکاری بواری ئه‌منیی عێراق ده‌ڵێت "چه‌مكی سه‌روه‌ری له‌ عێراقدا، له‌ لاوازترین دۆخدایه‌ و كه‌س باسی ناكات، به‌ڵام به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا، سه‌روه‌ری خه‌ریك بوو شه‌ڕی ناوخۆ له‌نێوان لایه‌نه‌كاندا هه‌ڵبگیرسێنێت".

سەلمان، وتوشیەتی : "لە ئێستادا ئێران هاوشان لەگەڵ تورکیا ناوچە سنورییەکانی عێراق بۆردومان دەکات کە چەند جارێکیش ئەو کارەی دووبارەبووەتەوە، بەڵام کەس باسی ناکات".

 

ئەو شرۆڤەکارە عێراقییە، لەو بڕوایەدایە بێدەنگی ئەو لایەنانەی کە خەریکبوون بە بیانوى سەروەری خاکی عێراق بەگژ ئەمریکادا بچنەوە ناوچەکە توشی قەیرانێکی گەورە بکەنەوە لەکاتێکدایە کە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لەسەر داوای حکومەتی عێراق بووە بۆ پاڵپشتی هێزەکانی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی داعش بەپێچەوانەی تورکیا کە هیچ ڕێگەپێدانێکی یاسایی نییە و لە هەمانکاتیشدا تۆمەتبارە بە پێشکەشکردنی هاوکاری بە چەکدارانی داعش بۆ ئەوەی دزە بکەنە ناو خاکی عێراقەوە.