گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێک وەڵامدەداتەوە

زیادبوونى ژمارەى کۆتاى ژنانى سلێمانى لە پەرلەمانى عێراق کێشەى دروستکردووە؟

2020.06.17 - 20:39
زیادبوونى ژمارەى کۆتاى ژنانى سلێمانى لە پەرلەمانى عێراق کێشەى دروستکردووە؟

ناس کورد-

ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق ئاشکراى دەکات "لەناو پەرلەمانى عێراقدا کۆتای ژنان 83 پەرلەمانتارى ژنە، بەڵام لە ئێستادا 85 ژن لەپەرلەماندایە بەو واتایەى لەرێژەى دیاریکراو دووانى زیادەیە".

 

ڕێزان شێخ دلێر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى لە لێدوانێکى تایبەت بە ناس کوردى راگەیاند "دەبوو ئەو ژنانەى کە بەدەنگى خۆیان دەچنە پەرلەمان لەسەر کۆتا هەژمار نەکرایە".

 

وتیشى "بەداخەوە ئەو ژنانەشى کە بەدەنگى خۆیان چوونەتە پەرلەمان هەر لەسەر سیستمى کۆتا هەژمارکراون".

 

ڕێزان شێخ دلێر رونیکردەوە ، چوار ژن لە سنورى پارێزگاى سلێمانى بەدەنگى خۆیان ڕۆشتونەتە ناو پەرلەمانى عێراق خۆشى بەنموونە هێنایەوە کە بەدەنگى خۆى چۆتە پەرلەمان نەک بەکۆتا.

 

لەگەڵ ئەوەى ژمارەى ژنان لەناو پەرلەمانى عێراق 85 ژنە کە دەبوو بەگوێرەى سیستمى کۆتا 83 ژن بووایە بەڵام ئەو پەرلەمانتارە بەباشى زانى کە ڕێژەى ژنان لەناو پەرلەماندا زیاتر بێت.

 

وتیشى "وەکو خۆم پێم باشە زۆرترین دەنگى ژن لەناو پەرلەماندا هەبێت و لەبنەڕەتدا زۆرینەى ژنەکان بە دەنگى خۆیان چوونەتە ناو پەرلەمان نەک بە کۆتا".

 

لێدوانەکەى ڕێزان شێخ دلێر لەکاتێکدایە دەنگۆى ئەوە لەئارادا بوو کە بەهۆى ئەوەى ژمارەى ژنانى پەرلەمانتار لەسەر ئاستى سلێمانى لە پەرلەمانى عێراق زیادى کردووە ئەوا مافى ئەندامێتى لە ژنە پەرلەمانتارێکى بازنەى سلێمانى وەردەگیرێتەوە و دەدرێتە پەرلەمانتارێکى پیاو .