گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەفتەى داهاتوو شاندى هەرێم سەردانى بەغدا دەکات

ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم چەند بڕیارێکى لەبارەى خەرجى و گەڕاندنەوەى قەرزەکان دەرکرد

2020.06.17 - 18:25
ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم چەند بڕیارێکى لەبارەى خەرجى و گەڕاندنەوەى قەرزەکان دەرکرد

ناس کورد-

ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا چەند بڕیارێکى لەبارەى خەرجى و گەڕاندنەوەى قەرزەکان دەرکرد.

لە راگەیەندراوەکەى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمدا کە لە پەراوێزى کۆبوونەوەى ئەنجومەنەکە بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە کراوە " گفتوگۆ دەربارەی ڕێکخستنەوەی خەرجییەکان و خۆگونجاندن لەگەڵ  ئەو  بودجەیە کرا کە ئێستا لە بەردەستی حکومەتدایە بە مەرجی پاراستنی مافی مووچەخۆریی ئاساییی شایستە".

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە بە  درێژکردنەوەی ماوەی گەڕاندنەوەی قەرزی کارەبا و ئاو و پێشیینەکان بە لێخۆشبوونی 15% تا 2020/9/1.

 

ئاماژە بەوەش کراوە " هەفتەی داهاتوو شاندی حکومەتی هەرێم بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان سەردانی بەغدا دەکات".

 

دەقى راگەیەندراوەکە:

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/6/17 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەشداربوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبووەوە.

 

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی ڕێکخستنەوەی خەرجییەکان و خۆگونجاندن لەگەڵ  ئەو توانا و بودجەیە کرا کە ئێستا لە بەردەستی وەزارەتی دارایی وئابووریدایە بە مەرجی پاراستنی مافی مووچەخۆرانی ئاساییی شایستە . ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە بەردەوامبوونی کەمکردنەوەی مووچەی خاوەن پلە تایبەتەکان و ئەوانەشی بەو پلانە خانەنشین بوون کە لە کۆبوونەوەکانی پێشوو بڕیاریان لەسەردرا. لەمبارەیەوە کۆبوونەوەکانیش تا ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبن.

 

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا  ماوەی گەڕاندنەوەی قەرزی کارەبا و ئاو بە لێخۆشبوونی 15% درێژ بکرێتەوە تاوەکو 2020/9/1.

 

لە  بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی  تاوتوێ کرا و بڕیاردرا، هەفتەی داهاتوو شاندی حکومەت بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان سەردانی بەغدا بکات بە ئاراستەی برەودان بەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشانەی پێشتر هەردوولا پێی گەیشتبوون بۆ دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لەبەرامبەر پابەندییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی دەستووری عێراق.