گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’ئەوانەى جێبەجێى ناكەن سزا دەدرێن’

وەزارەتى پەروەردە داشكاندنى كرێى خوێندنى قوتابخانە و پەيمانگا ناحكوميەكانى درێژ كردەوە

2020.06.17 - 18:07
وەزارەتى پەروەردە داشكاندنى كرێى خوێندنى قوتابخانە و پەيمانگا ناحكوميەكانى درێژ كردەوە

ناس كورد- 

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بڕياريدا داشكاندنى كرێى خوێندنى قوتابخانە و پەيمانگا ناحكوميەكان بەڕێژەى 10% تا 30\7\2020 درێژ بكاتەوە و تەئكيديش دەكاتەوە كە داشكاندنەكە بۆ كۆى گشتى كرێى خوێندنە نەك وەرزى دووەم.

 

وەزارەتى پەروەردە لە ڕاگەيەنراوێكدا بڵاويكردوەتەوە، داشکاندنی ڕێژەی 10%ی کرێی خوێندن لە قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان ماوەکەی لە 28\5\2020 بۆ 30\7\2020  درێژ دەكرێتەوە و ئەو داشکاندنە  كە لە رێکەوتی 11\5\2020  بە فەرمانى وزارى ئاماژەى پێدرابوو لە هەندێک قوتابخانە و پەیمانگە وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە.

 

ئەوەش هاتوە، سکاڵای هاووڵاتیان لە وەزارەت و داواکاری گشتیی تۆمارکراون پاش بەدواداچوون چەندین سەرپێچی لەو بوارە دەستنیشانکراون، وەزارەت چەندین ڕێکار دەگرێتەبەر وەک سزادانی ماددى ئەو قوتابخانە و پەیمانگایانە، نوێ نەکردنەوەی مۆڵەتیان و لێسەندنەوەی مافی وەرگرتنی قوتابی بۆ ساڵی خوێندنی ئایندە.

 

ڕونيشكراوەتەوە، پێویستە لەسەر هەموو قوتابخانە و پەیمانگەیەکی ناحکومی ناوەڕۆکی ئەم فەرمانە جێبەجی بکات چ داشکاندنی نرخی خوێندن چ لە پێدانی شایستەی دارایی مامۆستایان وەک لە گرێبەستەکانیان هاتووە.

 

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەشكراوە، داشکاندنیش ئەو قوتابیانە ناگرێتەوە کە لەساڵی خویندنی 2019-2020 وەک شەخسی داشکاندنی بۆ کراوە، دابەزاندنی نرخی خوێندن بۆ هەموو قوتابیان لە سەرەتاى ساڵەوە و دابەزاندنی کرێی خوێندن بۆ بەخێوکارێک ئەگەر زیاد لە قوتابییەکی هەبوو، ئەوانە ناچنە خانەی داشکاندن و پێویستە داشکاندنی 10% بۆ ئەو قوتابیانە بکرێت.

 

وەزارەتى پەروەردە جەختیشى كردوەتەوە، داشکاندنی 10% لەسەر کۆی گشتیی کرێی خوێندنە نەک خوێندنی وەرزی دووەم. هەروەها کرێی خواردن و گواستنەوەی بۆ مانگی 3-4-5 نابێت وەربگیرێت و ئەم فەرمانە لە رۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەکرێت.